سەکینە پەروانە لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەشکرا

سەکینە پەروانە، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئەڤین، بە هۆی مانگرتن لە خواردن، لە پەیوەندی کردن بە بنەماڵەکەیەوە قەدەغە کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی دوایین ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی سەکینە پەروانە، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئەڤین، لە سێ هەفتە لەمەوبەرەوە بە هۆی مانگرتن لە خواردن، لە دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی، مافی پەیوەندی کردن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕۆژی هەینی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە هەژماری تایبەتی گۆڵڕۆخ ئیرایی، زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین و هاوبەندی ئەم زیندانییە سیاسییە، سەکینە پەروانە ڕایگەیاندبوو کە بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەکانی  قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"و یادی ژینا ئەمینی، عەلی موزەفەری و سەرجەم قوربانیانی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییە، ڕۆژانی شەممە ١٤ و یەکشەممە ١٥ی ئەیلوول مانگرتن لە خواردن دەگرن.