ژنە ڕۆژنامەنووسانی سودان سزای لەسێدارەدان شەرمەزار دەکەن
ژنە ڕۆژنامەنووسانی سودان سزای لەسێدارەدانی چالاکوان شەریفە محەمەدی و ڕۆژنامەنووس بەخشان عەزیزی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، شەرمەزار دەکەن و هاوسۆزی خۆیان خستەڕوو، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزاکەشیان کرد.
مەیسا قازی
سودان- بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا دژی چالاکوان شەریفە محەمەدی و ڕۆژنامەنووس بەخشان عەزیزی کاردانەوەی توندی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و توێژە جیاوازەکانی لە کوردستان، ئێران و جیهان لێکەوتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا ژنانی ڕۆژنامەنووسی سودان هاوسۆزی خۆیان دەربڕی و ئەو بڕیارە سەرکوتکارەیان ڕەتکردەوە.
مەدیحە عەبدوڵا محەمەد خەیر، ڕۆژنامەنووسی سودانی، هاوسۆزی خۆی بۆ ژنە چالاکوانانی ئێرانی شەریفە محەمەدی و بەخشان عەزیزی دەربڕی و دژی سزای لە سێدارەدانیان ڕایگەیاند، "ئەم سزایە بەشێکە لە کردارەکانی ڕژێمە دیکتاتۆرییە پیاوسالارە تۆتالیتارییەکان لە دژی ژنان، کە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان دژی چالاکیی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی ژن بە تایبەتی بەڕێوەدەچێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پراکتیزە و پێشێلکاریانەی کە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان بەرامبەر بە گەلی خەباتکار بۆ ماف و ئازادییەکانیان ئەنجام دەدەن، هەمان ئەو کارەیە کە دەسەڵاتداران لە سودان دژی ژنانی چالاکوان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەیکەن، هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ هەڵمەتی دژی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو چالاکانە دووپات دەکەینەوە"، ئەو ڕۆژنامەنووسە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان دەکات و داواش لە هەموو چالاکوانانی ژن لە سەرتاسەری جیهان دەکات، لەگەڵ ژنان لە ئێراندا بوەستنەوە و دژی هێرشی تۆتالیتاری ئەمنی پیاوانە دژی ژنان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهان تێبکۆشن.
هەروەها لەمیا ئەلجیلی، ئەندامی تۆڕی میدیایی، هاوسۆزی خۆی بۆ شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک سزای لەسێدارەدان ڕەتدەکاتەوە.