خۆپیشاندەران داوای تەرخانکردنی بودجە دەکەن بۆ خەڵک نەک بۆ جەنگ

بە دروشمی "بودجەیەک بۆ خەڵک نەک بۆ جەنگ"، ژنانی کرێکار لە باکووری کوردستان و تورکیا چوونە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان و مافەکانی هەموو خەڵک لە کاتێکدا ڕووبەڕووی هەژارییەکی بەربڵاو بوونەوە لە وڵاتەکەدا.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- دانیشتنەکانی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ناوەندی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە ١١ی کانوونی یەکەم لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکات و بەپێی خشتەی کارەکان دانوستانەکانی بودجە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژی بەردەوام دەبێت، لە وەڵامی ئەو بابەتەدا فیدراسیۆنی یەکێتییە گشتییەکانی کرێکاران بە دروشمی "بودجەیەکی گشتی دیموکراتیکمان دەوێت کە خزمەتی کار بکات" لە چەند ناوچەیەک خۆپیشاندانیان کرد، هەزاران کەس کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی شاری ئامەدی باکووری کوردستان کرد داوای خەرجکردنی بودجەیان کرد بۆ کرێکاران نەک بۆ جەنگ.

 

"شەڕ و قەیرانەکان خەڵکیان ماندوو کردووە"

نوژیان یڵدرم، هاوسەرۆکی لقی ئامەدی ژووری ئەندازیارانی ژینگە، وتی: حکومەت دەبێت بودجە بۆ خەڵک خەرج بکات نەک بۆ جەنگ، ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە دژی ئەو بودجەیەی کە حکومەت پاشەکەوتی دەکات بۆ ئەو سیاسەتانەی کە بەرهەمی دەهێنێت، داوای بودجەیەک دەکەین کە پشتگیری لە کار و ژنان و ژینگە بکات، ئەم وڵاتە بەهۆی جەنگەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، ئێستا بودجەیەکمان دەوێت کە خزمەتی ئاشتی و خەڵک بکات، نەمانتوانیوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا تێچووی ژیانمان دابین بکەین بەو بودجەیەی کە بۆ خەڵک تەرخانکراوە، لە گۆڕەپانەکاندا ئامادە دەبین بۆ داواکارییەکانمان و هەموو خەباتی دیموکراسیمان پێشکەش دەکەین.

 

"ڕێگە نادەین باجی ئەو قەیرانانە بدەین"

دەریا جۆشکون، هاوسەرۆکی یەکێتی فەرمانبەران کە لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات، وتی: قەیرانەکان ناتوانرێت لەو وڵاتەدا لەناوببرێن کە هەژاری تێیدا بەرزە، وتی: چووینە گۆڕەپانەکان بۆ داواکردنی تەرخانکردنی بەشێک لە بودجە بۆ کرێکاران، لەم ماوەیەدا کە ٤٩ هەزار هەژاری و ١٦ هەزار برسیەتی هەیە، کارمەندانی تەندروستی کەمتر مووچە وەردەگرن و ئەم بارودۆخە وامان لێدەکات ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت بینەوە، ئەمڕۆ هاتووین بۆ ئەوەی دەنگمان بەرز بکەینەوە، ئێمە ئەوانە نین کە بوونەتە هۆی قەیرانی ئابووری لە وڵاتدا، ناتوانن وامان لێ بکەن باج بدەین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم قۆناغە سەختەدا دایک و باوکان ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، تەرخانکردنی بودجە بۆ جەنگ بارودۆخێکە کە هەرگیز قبوڵ ناکرێت، منداڵان بە برسێتی دەخەون و ناتوانن بچنە قوتابخانە و ئەگەر بڕۆن ناتوانن خواردن لەگەڵ خۆیان ببەن و خێزانەکانیش لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە، ناتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە و کرێکاران و کارمەندەکانیش ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە. خەڵک لە بارودۆخێکی زۆر سەختدان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و بەرزی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان، تەنانەت ئەوانەی دوو مووچە وەردەگرن ناتوانن بژێوەی ژیانیان دابین بکەن، لێرە کۆدەبینەوە و داوای مافەکانمان دەکەین دژی ئەم گەندەڵییە، دەبێت بودجە بۆ خەڵک تەرخان بکرێت نەک بۆ جەنگ.

 

"دابەشکردنی مووچە بۆ ژنان و کرێکاران"

ئەلیف ویلیجی، ئەندامی لقی دیلۆکی یەکێتی کرێکارانی پەروەردە و زانست، دێلوک وتی: لێرەین بۆ داواکردنی داواکارییەکانمان سەبارەت بە بودجە و بارودۆخی ژیان، دەمانەوێت کۆتایی بە سیاسەتەکانی جەنگ بهێنن و داوای تەرخانکردنی بودجەیەک دەکەین بۆ پەروەردە، ژنان و کرێکاران نەک بۆ جەنگ، بەردەوام دەبین لە هاوارکردن هەتا دەگاتە پەرلەمان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەژارتر دەبین و ژنان بەتایبەتی بەهۆی ئەم بارودۆخەوە دەناڵێنن، بۆیە بەردەوام دەبین لە خەباتکردن لەبەردەم ئەم بابەتەدا بە هەموو بەرخۆدان و باوەڕەکانمانەوە، چونکە لە بارودۆخێکداین کە ناچارمان دەکات پێداویستییەکانی منداڵەکانمان پشتگوێ بخەین، لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوام دەبین لە دەربڕینی داواکارییەکانمان بۆ پێویستی کۆتایی هێنان بە هەژاری و تەرخانکردنی بودجە.