ژنان بانگەوازی بەشداری بەرفراوانی چالاکییەکانی ١٥ی شوبات دەکەن

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە هەوڵی داوە بۆ ئازادی ژن، ژنانی باشووری کوردستانیش دەڵێن: پێویستە هەموو کەسێک بەشدار بێت لە چالاکی ١٥ی شوبات بۆ شەرمەزارکردنی پلانگێڕی نێودەوڵەتی و گۆشەگیری.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری سلێمانی ژنانی باشووری کوردستان داوایان لە هاوڵاتیان و حزب و لایەنەکان کرد، بەشداری لە چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵتی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بکەن.

 

شەهێن محەمەد بە نوێنەرایەتی ژنانی چالاکوانی سیاسی لە باشووری کوردستان لە لێدوانێکی میدیایدا ڕایاگەیاند: ٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد و مرۆڤایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، ئەو پیلانگێڕیە شەرمەزار دەکەین و داواکارین ژنان و حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، بەشداری لە چالاکییەکانی شەرمەزارکردن و وەستانەوە لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بکەن، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ماوەی مانەوەی لە ئیمڕالی، بەرامبەر سەرجەم ئەو پیلانگێڕی و دژایەتی کردنەی گەلی کورد، بەرخودانێکی بێوێنەی ئەنجامداوە، بۆیە ئێمەی ژنانی باشووری کوردستان دەمانەوێت یەک ڕەنگ و یەک دەنگ لەدژی ئەو پیلانگێڕییە بووەستینەوە و هەڵوێست نیشان بدەین.

 

شەهێن محەمەد لە کۆتایدا وتی: خاوەنداریکردن لە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، خاوەندارێتی کردنە لە پرسی نەتەوەی کورد، ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر ڕێکەوتننامەی لۆزان، ئەوەش وادەکات خەبات و تێکۆشانمان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان زیاتر بکەین، چونکە ئازادی ڕێبەرەکەمان سەرکەوتنی تێکۆشانی لەمێژینەی گەلی کوردە.

 

ئەم چالاکیانە لە کاتێکدایە، ٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گەورەترین پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە مێژوودا، كە دژی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، ئەو پیلانگێڕییە لە ٩ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٩٨ دەستیپێكرد و لە ١٥ی شووباتی ١٩٩٩ بە ڕفاندنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە كینیا و ڕادەستكردنەوەی بە توركیا كۆتاییپێهات، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، ڕێبەری گەلی كورد لە زیندانی ئیمراڵیدا گۆشەگیرکراوە و هەموو مافێکیان لێ زەوتکراوە.