یەکەم کاروانی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەروازەکانەوە دەچێتە سوریا

یەکەم کاروانی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی دەروازەیەکی سنووریی دووبارە کراوەوە بۆ سوریا دەگاتە ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد کە حکومەتی سوریا ئامادەیی بۆ کردنەوەی دوو خاڵی پەڕینەوەی "باب ئەلسەلام" و "ئەلڕەعی" بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ڕێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییەکان دەربڕیوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد کە ڕۆژی سێشەممە ١١ بارهەڵگر لە تورکیا بە دەروازەی باب ئەلسەلامەوە پەڕینەوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا تووڕەن لە نەبوونی هاوکاری بۆ گەلانی ناوچەکە بە تایبەت بۆ شەهبا کەلەژیر گەمارۆدایە، ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا هەیە، وەک ڕوسیا و ئێران و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبیەکانیش دوای بوومەلەرزەکە بەزوویی دەستیان کرد بە ناردنی پێداویستی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا.

 

بەلام بۆ ئەو ناوچانەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەلەژیر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدایە هیچ یارمەتییەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەوە نەگەیەشتووە پێیان، ئەو هاوکارییانەشی گەل بەخشیویەتی لەلایەن حکومەتی شام ڕێگری لێکراوە.

 

لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، شەوی دووشەممە چەکداران هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەیەک کە چاودێری منداڵێکی کچ دەکرا، دوای ئەوەی کە لە ژێر داروپەردووی بینا ڕووخاوەکاندا لە دایکبووە. هێرشبەرەکان لە بەڕێوبەرەکە دەدەن، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانە ڕەتکراوەتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بەوەدەکەن چەکدارەکان بۆ ڕفاندنی منداڵەکە چووبن.