هەولێر زۆرترین ژمارەی سپاردنی کتێبی وەرگرتووە
لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٩ هەزار و ٣٣١ ژمارەی سپاردن بە کتێب بەخشراوە و پارێزگای هەولێر زۆرترین و پارێزگای دهۆک کەمترین ژمارەی وەرگرتووە.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٩ هەزار و ٣٣١ ژمارەی سپاردن بەخشراوەتە کتێب، کە بە پێی پارێزگاکان هەولێر پلەی یەکەمەوە و ٣ هەزار و ٩٨٤ ژمارەی وەرگرتووە، پاشان پارێزگای سلێمانی بە ٣ هەزار و ٣٦٠ ژمارە و پارێزگای دهۆکیش بە هەزار و ٩٨٧ ژمارە دێت.
لە هەرێمى کوردستان ٩٢ کتێبخانەى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەن، کە ٨٥٨ هەزار و ٩٥١ کتێبیان لەخۆگرتووە، بەپێی قسەی بەڕێوەبەری گشتی هیچ سانسۆرێک بۆ پێدانی ژمارەی سپاردن نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئایین و نیشتمان و کۆمەڵگە و ڕاستییە مێژووییەکان یەکنەگرێتەوە، تەنیا وەزارەت ئاگادار دەكرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا، هیچ كتێبێك ڕەتنەكراوەتەوە و ژمارەی سپاردنیان پێدراوە.
جێی ئاماژەیە ڕێکاری وەرگرتنی ژمارەی سپاردن بە جۆرێکە تەنها پێویستی بە چەند زانیارییەکە وەك ناوی نوسەر و وەرگێڕ و چاپخانەکە، هەروەها ڕوون بێت کە ئایا ئەو کتێبە لە ناوەوە یا دەرەوەی هەرێم چاپ دەکرێت، چاپێکی کتێبەکەش بە شێوەى (PDF) یا نووسراو وەردەگیردرێت، دواتر ژمارەى سپاردنەکەى پێ دەبەخشرێت کە دەبێت لەسەر کتێبەکە چاپ بکرێت.