"دەبێت درێژە بە ژیانی ساکینە جانسز و هاوڕێیانی بدەین"

دەربارەی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس، ژنانی باشووری کوردستان پێکەوە داوا دەکەن ژنان ببنە درێژەپێدەری تێکۆشانی ژنانی پێشەنگ، تیرۆرکاری داگیرکەران نەبێتە بەربەستێک بۆیان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەر لە ١٠ ساڵ و لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە کۆمەڵکوژییەکدا سێ ژنی پێشەنگ بە ناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پیلانێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا شەهیدکران، پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەر بە شەهیدکردنی ئەو ژنە پێشەنگانەوە نەوەستا، بەڵکو پیلانی زیاتریان دانا تا لە پاش ١٠ ساڵ و لە بەرواری ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا دووەم کۆمەڵکوژی لە پاریس ئەنجامدرا، تیایدا سێ کورد کرانە ئامانج و لە نێویاندا " ئامینە کارا" بوو، کە یەکێک بوو لە پێشەنگانی بزووتنەوەی ژنانی کورد.

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەمیشە ئامانجی داگیرکردن و قڕکردنی گەلی کورد بووە، بۆ ئەو مەبەستەش ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج، چونکە ژنانی پێشەنگ سەدەی ٢١یان کردووتە سەدەی تێکۆشانی ژن، لە هەر جێگەیەک ژنێکی تێکۆشەر هەبێت سیستەمی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری هەوڵی تیرۆرکردن و وەستاندنی ژنان دەدەن، هەربۆیە کۆمەڵکوژی پاریسیان دوای ١٠ ساڵ دووبارە کردەوە.

 

لەوباریەوە ژنانی باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان دژی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس دەردەبڕن و داوا دەکەن ئەو جۆرە تیرۆرکردنانە نەبێتە هۆکارێک بۆ وەستاندنی تێکۆشانی ژنان.

 

"دەوڵەتانی داگیرکەر ترسیان لە ژنان هەیە"
شنە عەلی، مامۆستا و چالاکوانی بواری ژنان لە باشووری کوردستان هاوخەمی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ڕووداوانەی بوونەتە هۆکار بۆ تیرۆرکردنی ژنان لە پاریس، وتی: ١٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆمەڵکوژی پاریسدا، دووبارە کۆمەڵکوژییەکی دیکەیان ئەنجامدا و ژنێکیان کردە ئامانج، بەڵام تەواوی ئەو هەوڵانە نابنە ڕێگر لەبەردەم ئەنجامدانی خەباتەکانماندا".

 

ئاماژەی بەوەشدا، پەیامی تەواوی ژنانی پێشەنگ گەیشتووەتە جێگەی خۆی، ئێستا نەک تەنها لە باشوور و کوردستان بە گشتی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەوترێتەوە و لە تەواوی جیهان کار بەم دروشمە دەکرێت، بێگوومان ئەرکی ژنانە درێژەپێدەری ڕێچکەی ئەو ژنە پێشەنگانە بن، لەپێناو بەرەوپێشچوونی ژنان.

 

شنە عەلی دەربارەی ترسی دەسەڵات لە فکر و تێکۆشانی ژن، ڕوونیکردەوە دەوڵەتانی داگیرکەر ترسیان لە ژن و تیکۆشانەکەی هەیە و پێیان وایە لە ڕێی تیرۆرکردنیانەوە دەیانوەستێنن، بەڵام بە پێچەوانەوە بە تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ دووبارە زیاتر ژنان سوور دەکات لەسەر تێکۆشانەکانیان، دەشڵێت "هەر کۆمەڵگەیەک ژن پێشەنگایەتی بکات کۆمەڵگەیەکی وشیار دەردەچێت، بۆیە هەمیشە هەوڵی ڕێگریکردنی ژنان دەکەن".

 

"ژنان شۆڕشی سپی بەرپا دەکەن بۆیە جێی ئامانجی دەسەڵاتدارانن"
ڕووخۆش ئەحمەد چالاکوانی بواری ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، ژنان دایک و پێشەنگن، بە ژنی پێشەنگ و تێکۆشەر و ڕۆشنبیر هەموو کۆمەڵگە ڕۆشنبیر دەبێت، بۆیە بەردەوام داگیرکەران و دەسەڵاتداران لە ڕۆشنبیری ژن دەترسن، بەردەوام دەیانەوێت ژنان سەرکوت بکەن و داگیری بکەن، ڕێگە لە تێکۆشانەکانیان دەگرن لە پێناو هۆشیارنەکردنەوەی تاکی کۆمەڵگە.

 

لە کۆتاییدا دەشڵێت: هەموو ژنانی پێشەنگ تێکۆشانێکی مێژوویان ئەنجام داوە، تا ژنان بگەیەننە ئازادی و بیانگەیەنن بەو ئاستەی کۆمەڵگەی پێ هۆشیار بکەنەوە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ دوژمن کە بیانکاتە ئامانج، ژن ژیانە، بۆیە پێویستە ئیمە هەوڵ بدەین لەم ژیانەدا ئازادی بەدەستبهێنین و تێکۆشانی بۆ بکەین، هەوڵ بدەین درێژە بە خەباتی ساکینە جانسز بدەین".