ژنانی پاکستان زۆرترین هەراسانکردنی سێکسیان بەرامبەر دەکرێت

پاکستان یەکێکە لەو وڵاتانەی لەگەڵ خراپی دۆخی ژیانیان، ژنان زۆرترین توندوتیژی و هەراسانکردنیان بەرامبەر دەکرێت، پیاوان لەو ڕێگەیەوە هەوڵی ڕێگریکردن لە سەرکەوتنەکانی ژنان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پاکستان یەکێکە لەو ناوچانەی ڕێژەی تاوانەکانی ئازاردانی سێکسی لە ئاستێکی بەرزدا تۆمارکردووە، هەرچەندە حکومەت بانگەشەی چاکسازی دەکات، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٢ ڕێژەی هەراسانکردن بە ڕێژەی ٪٢٠٠ زیادیکردووە، بەتایبەتی لە شوێنی کار و شوێنە گشتییەکان.

 

ئوزما بوخاری، یەکێکە لەو ژنانەی زیاتر لە جارێک ڕووبەڕووی هەراسانکردن بووەتەوە، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ سایتی "عەرەبی جدید"، ئاماژەی بەوەداوە ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان لە شوێنی کاردا تووشی هەراسانکردن دەبن و پێیوایە بێدەنگی ژنان یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە.

 

باسی لەوەشکردووە، هەرچەند بەهۆی دۆخی خراپی خێزانەکەیەوە ناچارە کار بکات و پێویستی پێیەتی، بەڵام ئەو پێیوایە یاساکان لە پاکستان هیچ سودێکیان نییە، دەبێت ژنان خۆیان بپارێزن، هەنگاوی پێویست بنێن و دەنگی خۆیان بڵند بکەن و ڕووبەڕووی هەراسانکردنەکان ببنەوە.

 

"هەراسانکردن بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم پێشکەوتنەکانی ژنان"

سەعدیە ڕەفی، چالاکوانی کۆمەڵایەتی کە کار لەسەر پرسی ژنان لە پاکستان دەکات، وتی: "هەراسانکردن بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم ژنان، نەک تەنها لە شوێنی کار، بەڵکو لە خوێندنگە و زانکۆ و ڕێگاوبانەکانیشدا" پێیوایە حکومەت لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا ناتوانێت سەرکەتووبێت، بۆیە هەندێک لە پیاوان بەتایبەتی ئەوانەی پۆستی بەرزیان هەیە توانیوویانە ژنان هەراسان بکەن لە شوێنی کارەکانیان، ژنانیش ناچار دەکرێن بێدەنگ بن بۆ ئەوەی کارەکانیان لەدەست نەدەن.

 

بە هەراسانکردن ڕێگری لە سەرکەوتنی ژنان دەگرن

مەحووش ناز باسی لەوەکردووە، چەند جارێک لەلایەن هاوکارەکانییەوە هەراسان کراوە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە لە کارەکەیدا سەرکەتوو بووە، پیاوانی کارەکەشی ئەمیان بە ڕکابەری خۆیان زانییوە، بۆیە وەک ڕێگریکردنێک هەراسانیان کردووە.

 

"کێشە لە جێبەجێنەکردنی یاساکاندا هەیە"

لە وڵاتی پاکستان ئامارەکانی توندوتیژی و هەراسانکردنی ژنان ٪٢٠٠ بەرز بووەتەوە، ئەمەش بەشێکی سەرەکی بۆ جێبەجێنەکردنی یاساکان دەگەڕێتەوە، هەروەها پەروەردەکردنی ژنان لایەنێکی دیکەی چارەسەرکردنی ئەم دیاردە بەربڵاوەیە، کە کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی ژنان و بەتایبەت ژنانی کرێکار هەیە، چونکە زیاتر ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕۆژانە لانیکەم ١١ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە پاکستان تۆمار دەکرێن و لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٢ هەزار حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا لای پۆلیس تۆمارکراوە، بەڵام تەنها ٧٧ تۆمەتبار سزا دراون، کە دەکاتە ٪٠.٣ی کۆی ژمارەکە.