"تێکۆشانی هەزاران ساڵەی ژن بە تیرۆرکردنی ژنێک کۆتای نایەت"

ژنان لەبەردەم پزیشکی دادی سلێمانی کۆبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەدا، هەرێمی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی تیرۆر، داواکارین دەسەڵاتداران بێنە دەنگ، چونکە ئەمە تیرۆرێکی ئاسایی نییە بەڵکو تیرۆرێکی سیاسیە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە زیلان، ئەندام و دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیک ماڵەكەی خۆی درایە بەر دەستڕێژی گولە و شەهید کرا، دواتر تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ  پزیشکی دادی سلێمانی.

 

لەبەردەم پزیشکی داد ژمارەیەک لە ئازادیخوازان و ژنان گردبوونەوە و پەیامی خۆیان بۆ تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل دا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیایدا شیلان شاکر، ئەندامی ڕێپاک، ئاماژەی بەوەکرد، ناگیهان ئاکارسەل ژنێکی ڕۆشنبیر، سەرنوسەر، چالاکوان و پێشەنگ، تیرۆرکرا لەلایەن ئەو دەستەیەی بەردەوام ئازایخوازان تیرۆر دەکەن، ئەمەش جاری یەکەم نییە ڕووداوی لەم شێوەیە لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان ڕووبدات، بۆیە وەک چالاکوانانی ژن و ڕێکخراوەکانی ژنان گردبووینەوەتەوە بۆ داکۆکیکردن لە تێکۆشانی ژنان و ئەوانەی خەباتی ژن دەکەن.

 

وتی "هەرێمی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی تیرۆر، داواکارین دەسەڵاتداران بێنە دەنگ، چونکە ئەمە تیرۆرێکی ئاسایی نییە بەڵکو تیرۆرێکی سیاسیە، پێویستە بزانن ژنان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە دروشمی ژن ژیان ئازادی پێشەنگی گۆڕانکاری کۆمەڵگا و تێکدانی سیستمی دەسەڵاتداری دەکەن"، لە کۆتایدا داوای کرد لایەنە ئەمنی و پەیوەندیدارەکان بکوژی زیلان ئاشکرا بکەن.

 

"پێویستە بکوژان بە سزای یاسای خۆیان بگەن"

کنێر عەبدوڵا، نوسەر، لەوبارەیەوە باسی لەوەکرد، کوشتنی ژنان، زیلان و هاوشێوەکانی ئەگەر درێژە بکێشێت مەترسی دروست دەکات، بۆیە داواکاری خۆیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بتوانن تیرۆرستان بگرن و بە سزای یاسای خۆیان بگەیەنن لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە.

"ئازادیخوازان بەردەوام هەڕەشە لەسەر ژیانیانە"

تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕوونیکردەوە، ئەم تیرۆرکردنانە تەنها تیرۆرکردنی ژنان نین، بەڵکو تیرۆرێکی سیاسییە، چونکە ناگیهان ژنێکی ڕۆشنبیر و لێکۆڵەرە و کەسایەتییەکی ئەکادیمییە و چەندین ساڵ خەباتی کردووە.

 

ئاماژەی بەوەکرد هێشتا چلەی شەهیدکردنی مامۆستا شەماڵ نەهاتووە، چالاکوانان و ئازادیخوازانی دیکە شەهید دەکرێن، ئەمەش دەیسەلمێنێت، داگیرکەران لە ڕێی دەسەڵاتدارانی کوردەوە دەست بۆ ڕۆشنبیران دەبەن و شەهیدیان دەکەن، بۆیە پێویستە هەر هاوڵاتیەکی ئازادیخواز، کە دژی ستەم و نادادییە قبوڵی نەکات.

 

پەیامی خۆی ڕاگەیاند و وتی "پێویستە ئاسایش و دەسەڵاتداران بکوژان دەستگیر بکەن ئەگەر بۆیان دەستگیر ناکرێت بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە، لە زۆرینەی تیرۆر و ڕووداوەکانی کوشتن پۆلیس و ئاسایش هەوڵ دەدەن بکوژان دەستگیر بکەن بەڵام لە تیرۆرکردنی ئازادیخوازاندا بێدەنگ دەبن، بۆیە ئەگەر ناتوانن دەستگیریان بکەن پێمان ڕاگەیەنن.