هەڵبژاردنی سوید؛ پێنج کورد تیایدا سێ ژن سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سوید بڵاوکرایەوە و بەو پێیە، پێنج کورد کە سیانیان ژنن دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ١١ی ئەیلول هەڵبژاردنی سوید بۆ هەریەک لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەنجومەنی هەرێمەکان و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەچوو کە ١٥ کورد خۆیان تێدا کاندید کردبوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتە ڕاستڕەوەکان لە پێشی ڕیزبەندییەکەدان و پێنج کورد کە سیانیان ژنن توانیویانە دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبهێنن.
ئەنجامە بەراییەکان لە میدیای فەرمی سویدەوە بڵاوکراونەتەوە و ئاماژەکان دەریدەخەن، پارتی سۆسیال دیموكرات لە كۆی ٣٤٩ كورسی پەرلەمان بووەتە خاوەنی ١٠٨ كورسی، پارتی دیموكراتەكان ٧٣ کورسى، پارتی دۆدێرەیت ٦٧ كورسی، كورسیەكانی تریش بەسەر پارتەكانی تردا دابەش بوون.
لەناو ئەوانەدا پێنج کورد توانیویانە دەنگی سەرکەوتن بەدەستبهێنن، لەناو ئەواندا سێ ژنی کورد بە ناوەکانی؛ لاوێن ڕێدار ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکرات، گولان ئاڤچی ئەندامی پارتی لیبراڵ و سارا سیپێڵ لە دیموکراتەکانی سوید زۆرترین دەنگیان هێناوە کە بتوانن سەرکەوتوو بن لە هەڵبژاردنەکاندا.