زیاتر لە ٨٠ چالاکوانی ژن لەبارەی دۆخی سەعدا خدیرزادە هۆشداری دەدەن
زیاتر لە ٨٠ چالاکوانیی مافی ژنان لەبارەی دۆخی زیندانی سیاسی کورد سەعدا خدیرزادە هۆشداری دەدەن کە ڕژێمی ئێران ئەشکەنجەی سیستماتیک بەکاردەهێنێت.
ناوەندی هەواڵ
زیاتر لە ٨٠ چالاکوانی مافی ژنان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هۆشدارییاندا لە دۆخی زیندانی سیاسی کورد سەعدا خدیرزادە، کە دوای هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی زیندانی ناوەندی ورمێ ویستوویەتی خۆی بکوژێت.
تاوانێکی سیستماتیک دژی ژنان
ژنانی چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاند: "هەوڵی خۆکوشتنی سەعدا خدیرزادە لە ئێران کوشتنێکی سیستماتیکە دژ بە ژنان، داوای پشتیوانی و بڵاوکردنەوەی کەیسی هاوشێوەی زیندانیانی ژن لە ئێران دەکەین. داوا لە هەموو چالاکوانانی مرۆیی، مەدەنی و سیاسی دەکەین، مافەکان بپارێزن، هەروەها هەموو ڕێکخراوە میدیاییەکان، پشتگیری جددی لە بارودۆخی زیندانییە ژنەکان بکەن".
سەعدا خدیرزادە، زیندانی سیاسی تەمەن ٣٢ ساڵ، دایکی دوو منداڵە و لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنیەوە نییە.