پلاتفۆرمی یەکڕیزی ژنانی کورد: بۆ یەکێتی گەل تێکۆشان بەهێز بکەن
پلاتفۆرمی یەکڕیزی ژنانی کورد سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی کە دەوڵەتی تورکیا لە زاخۆ ئەنجامیدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی یەکڕیزی ژنانی کورد بۆردومانی دەوڵەتی تورکیای لە گوندی پەرەخی زاخۆ لە هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرد و بەیاننامەیەكی نووسراوی بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند: "لە رۆبۆسکییەوە تا شەنگال، لە عەفرینەوە تا مەخمور دەیان جار ژن و منداڵ لە ماڵەکانیاندا بە تۆپبارانی داگیرکەران کوژراون، ساڵانێکە ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان داوا دەکەین شەڕ بوەستێنن و یەکڕیزی لەنێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان دابمەزرێنن"، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە ژنانی کورد زیاتر لە دژی لەشکرکێشی و هێرشەکان دەنگ بەرز بکەنەوە.
بانگەوازی بۆ یەکڕیزی
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە پلاتفۆرمی یەکڕیزی ژنانی کورد، ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵکی سڤیل ئیدانەی دەکەین، دژی کوشتنی خەڵکی سڤیل و تاڵانکردنی کوردستان، داوا لە ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین کە بەرامبەر بەم شەڕە دڕندانەیە هەڵوێست بنوێنن و تێکۆشانی یەکێتی ژنانی کورد و گەلی کورد بەگوڕتر بکەن".