شارەدێی سیروان، تونێلێک لە ژێرخانی ماڵێکدا دەدۆزرێتەوە
لە شارەدێی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە ڕێڕەوێکی ئاوی دەدۆزرێتەوە تا ئێستا نازانرێت هی چ سەردەمێکە و بۆ چ مەبەستێک بەکارهاتووە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لە شارەدێی سیروان سەر بە پارێزگای هەڵەبجە پاش ئەوەی هاوڵاتیەک لە کاتی هەڵکەندنی بیرێکدا لە حەوشەی ماڵەکەیان، ڕێڕەوێکی دیکە دەدۆزیتەوە کە دوو ڕووی هەیە و لە شێوەی ڕاڕەوی ژێرزەویدایە، ڕوویەکی لە هەڵەبجەیە و ڕوویەکی دیکەی لە سیروانە.
دڵبەر مەحمود، خاوەنی ماڵەکەیە و باسی لەوەکرد، لە سەرەتای کەرەنتینەکەدا بیریان لە حەوشەی ماڵەکەیاندا هەڵکەندووە، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵیەوە ئاوەکە نەماوە و کوڕەکەی هەوڵیداوە زیاتری لێهەڵبکەنێت تا ئاو بێتەوە بیرەکە،
وەک دڵبەر مەحمود دەیگێڕێتەوە، لە کاتی هەڵکەندنەکەدا تونێلێکی دوو ئاڕاستە دەرکەوتووە، سەبارەت بەوەی کە ئایا لایەنی پەیوەندیداریان لێ ئاگادار کردووەتەوە دڵبەر مەحمود وتی: ئاسایشمان ئاگادار کردەوە، بەڵام تائیستا بەدەمەوە نەهاتوون.
پێدەچێت ڕێڕەوی ئاوی ژێرزەوی بێت
هەردوو هاوار هەواس و دەرباز عەلی، شوێنەوارناس و سەرۆکی ڕێکخراوی ناسنامە بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە کاتی سەردانیکردنی تونێلەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، هیچ ئاسەوارێكی دەستی مرۆڤ بە تونێلەكەوە نییە و هیچ نیشانەیەكی شوێنەواری پێوە دیار نییە، ئەو حاڵەتە زیاتر لە حاڵەتێكی جیۆلۆجی دەچێت و گومان دەكرێت ڕێڕەوی ئاوی ژێرزەویی بێت.
دانا سالار کە پێشتر لە بەشی هۆشیارکردنەوەی ڕێکخراوی ئێم ئەی جی بووە، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەبارەی مینەوە سەردانی گوندەکانی ئەو دەڤەرەی کردووە و وەک شاخەوانێکیش لە نزیکەوە ئەو جۆرە تونێلانەی بینیوە، لەبارەیەوە خستیەڕوو، "بۆ ئەوەی بابەتەکە گەورە نەکرێت و بەلاڕێدا نەبرێت و وەک ئاسەوار نەبینرێت کە خەڵک بچنە سەر ئەو ماڵە پێویستە روونکردنەوە لەبارەیەوە بدرێت، تونێلەکە زۆر سادە و ئاساییە و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و دەستکردی مرۆڤە، ئەگەر تێبینی تونێلەکە بکەین لە خوارەوە لاکێشەیە و لەسەرەوە چەماوەیە و زۆر بەشێوازێکی ئەندازەیی دروستکراوە".
بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی لەلایەن خاوەن ماڵەوە تۆمار کراوە و باسی دەکەن، ئاڕاستەی ڕێڕەوەکە دوو ئاڕاستەیە، ڕوویەکی لە سەیدسادقە و ڕوویەکی لە پارێزگای هەڵەبجەیە، تیرەی ڕێڕەوەکە نزیکەی ٨٥ سم دەبێت.