زیاتر لە ٣٥ کەس لە ئەدەنە دەستبەسەرکران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەڵکوتانە سەر کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و هونەری بنەفش و چەند جێیەکی دیکە لە شاری ئەدەنە پۆلیسی تورک زیاتر لە ٣٥ کەسی دەستبەسەرکرد.

ئەدەنە
داواکاری گشتیی شاری ئەدەنە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و هونەری بنەفش بڕیاری دەستبەسەرکردنی ٣٨ کەسی دەرکرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ناوەندی ڕۆشنبیری و کلتوری بنەوش و ناوەندی کلتوری دیجلە و چەند جێیەکی دیکەی ئەدەنە، مێرسین و ئامەد.
بەپێی زانیارییەکان، لەکاتی هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر ناوەندەکان و ماڵەکان، دەرگای ناوندەکانیان شکاندووە و لە خەڵکیان داوە، هەروەها پۆلیسی دەوڵەتی تورک لەو هەڵکوتانەدا ژنێکیان لە ماڵێکدا بردووەتە ژوورێک و گوشاریان لێکردووە، کە دەبێت خۆی ڕووت بکاتەوە، ئەوەش بە پاساوی ئەنجامدانی پشکنین ئەنجامدراوە، بە گشتی زیاتر لە ٣٥ کەس دەستبەسەرکراون و گوازراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەدەنە، پێدەچێت ڕێژەکە لە زیادبوونیشدا بێت.