گەزیزە عومەر وەک دادوەر بەشداری فێستیڤاڵی شانۆی ڕۆژئاوای کرد

شانۆکار گەزیزە عومەر دەڵیت: وەک داوەری فێستیڤاڵی شەهید یەکتا لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریم کرد، دوایین بەرهەمی تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

گەزیزە عومەر نووسەر و دەرهێنەر لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی سەردانیکردنی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، وەک داوەری فێستیڤاڵی شەهید یەکتا لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریم کرد و دوایین بەرهەمی تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە بە ناوی´مۆسیقای سوور” لەوێ نمایش کرا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، مۆنۆدرامای “مۆسیقای سوور” لە نووسین و دەرهێنانی خۆمە و تێیدا سەوسەن عومەر، نەوژین محەمەد رۆڵ دەبینن و بۆ یەکەمجار لە قامیشلۆ لە فێستیڤاڵی شەهید یەکتا نمایشکرا، هەروەها بە هاوکاری یەکێتی ژنانی کوردستان و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (سی دی ئۆ)، سەنتەری ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان بەشداری حەوتەمین فێستیڤاڵی شانۆی شەهید یەکتامان كرد.

 

جێگای ئاماژەیە، گەزیزە عومەر ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، ساڵی ١٩٨٨ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواوكردووە و دوای ئەوە بڕوانامەی ماستەری لە بەشی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەدەستهێناوە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی هاوڕێیانی گروپی شانۆیی گەزیزە، خاوەنی چەندین سیناریۆ و نمایشی شانۆییە.