لە ئاکرێ ژنێک لەلایەن براکەیەوە کوژرا

لە ئاكرێ ژنێک لەلایەن براکەیەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، هەروەها هاوژینەکەشی بریندار کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوان، باوک، برا و هاوژین و پیاوانی ناو خێزانەکانیان ڕوو لە زیادبوونە، لەم هەفتەیەدا دووەم ژن لە سنووری دهۆک، بە دەستی پیاوان، کوژرا.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاكرێ، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی ڕووناكی لە سەنتەری شارۆچکەی ئاكرێ، ڕووداوێكی كوشتن ڕوویداوە و پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەكە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەركەوتووە ژنێكی ٤٠ ساڵان بە ناوی "ن. ح. ش" لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتیی كوژراوە و تەرمەكەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشكی دادی دهۆك و هەروەها كەسێكی دیكەی تەمەن ٥٠ ساڵان بە ناوی “ع. أ. ر.” كە هاوسەری ژنە كوژراوەكەیە برینداركراوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتن كراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

 

بەپێی زانیارییەكان ئەو كەسەی تەقەی كردووە برای ژنە كوژراوەكەیە و پۆلیس ڕایگەیاندووە، تۆمەتیارەكە لە شوێنی تاوان هەڵاتووە و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و لێكۆڵینەوەش لە تاوانەكە بەردەوامە.

 

٢٨ی ئەیلوول، لە شارەدێی مانگیشک سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەوە کوژرا، لە ٨ی ئەیلوولدا، تەرمی ژنێکی ٢٢ ساڵ لە خەرەندی ڕەواندوز دۆزرایەوە، کە نازانرێت کوژراوە، یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراوە.