شاندی ژنانی دەم پارتی و تەژەئە لەگەڵ تەڤگەری ئازادی چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد

شاندی ژنانی دەم پارتی و تەژەئە کە ماوەی ٥ ڕۆژە لە باشووری کوردستانن، سەردانی تەڤگەری ئازادییان کردو دەربارەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک گفتوگۆ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی ٥ ڕۆژە شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی و تەڤگەری ژنان ئازاد-تەژەئە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە و لەگەڵ چەند لایەنێک سیاسیی و کەسایەتییەک دیداریان ئەنجامداوە و بڕیاریشە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا درێژەی هەبێت.

 

دوێنێ لە بارەگای سەرەکی تەڤگەری ئازادی لە شاری سلێمانی، شاندێکی ژنانی باکووری کورستان، کە لە چەند پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانیی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی و تەڤگەری ژنان ئازاد-تەژەئە پێکدێن، سەردانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانی کرد.

 

"خاوەنداری لە کامپەینی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین"

تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: ڕەوشی گەلی کورد گرێدراوی ڕەوشی بەڕێز ئۆجالانە، ئەو داگیرکارییانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە گرێدراوی دۆزێکن کە ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەرەکەیەتی، ئەو خەباتەی دەستتان پێکردووە ئێمە بەرزی دەنرخێنین و خاوەنداری لە کامپەینی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، لە ئێستادا هەڵمەتێکی داگیرکاریی هەیە بەرفراوان بەڕێوەدەچێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەر جارێک هێرشێک لە ژێر ناوی جیاواز بەرامبەر گەلی کورد دەست پێدەکات و سەرکەوتووش نابێت، لە ئێستادا ئەو دەوڵەتە دەیەوێت عێراقیش پەلکێش بکات بۆ ئەم شەڕە، بەڵام بەشێک لە لایەنەکانی عێراقیش ناڕازین بەرامبەر بەم داگیرکارییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان بەو بارودۆخەی لە تورکیا هەیە دەیەوێت چاوەکان لەسەر تورکیا لابدات و شەڕەکە بباتە دەرەوەی تورکیا، هەروەها دەیەوێت بە هاوکاری هێزی ناوخۆیی کوردستان دەسەڵاتەکانی فراوان بکات.

 

"پێویستیمان بە پێکهێنانی یەکڕیزییە"

ئایشە ئاجار، پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە وتی: کامپەینێکمان دەستپێکردووە لەو چوارچێوەیەدا سەردانی تەڤگەری ئازادییمان کرد و تاوتوێی باردۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە ماوەی ٢٥ ساڵە لە ئیمرالییدا گۆشەگیرکراوە و ٤١ مانگەیشە هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نییە، هەروەها سەرنجمان خستەسەر ئەو سیاسەتە داگیرکارییەی کە ڕەنگدانەوەی لە باشووری کوردستانیشدا هەیە و دەیانەوێت گەل بێناسنامە بکەن، بۆ چارەسەریی کێشەکانی گەلی کورد و ڕەتکردنەوەی داگیرکاریی پێویستیمان بە پێکهێنانی یەکڕیزییە و لە هەموو سەردانەکانمانیشدا جەختمان لێی کردووەتەوە.

 

بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکە سەردانی یەکێتی ژنانی کوردستان و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بکات.