ژنێک نۆرمەکانی کۆمەڵگە دەشكێنێت و لە بوارەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت

کەفا خەزیم داوا لە ژنان دەکات، ئیرادەی خۆیان بکەنە چەکێک بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان و ڕاستینەی کۆمەڵگە پێش بخەن.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- کەفا خەزیم ٣٥ ساڵە و لەدایکبووی شاری ڕەققەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەیە، لە پاش سیازدە ساڵ لە وانە وتنەوە بووە بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان، کەفا ئەو ئەقڵیەتەی شکاند کە بەهۆی دابونەریتی کۆنەوە ئاواتەکانی ژنان سنووردار دەکات، بۆیە بوو بە سەرچاوەی وزە بۆ زۆرێک لە ژنان و گروپێکی بۆ کردنەوەی پڕۆژەی تایبەت بە ژنان دروستکردووە.

 

سەبارەت بە پڕۆژەی باخچەی ساوایانەکەی، کەفا وتی: من سێ ساڵ لەمەوبەر پرۆژەکەم دەستپێکرد، دوای ئاڵنگارییەکی گەورە بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری کۆمەڵگە کە دەیانویست خواستەکانی ژنان بشكێنن، بیرۆکەی پرۆژەکەشم لە کارەکەمەوە وەرگرت چونکە خۆم مامۆستای باخچەی ساوایان بووم.

 

"کارەکەم بووە هۆکار بۆ ئەوەی بتوانم بە کاری هەمیشەیم بگەم"

دەربارەی ئەو ڕێگریانەی هاتوونەتە بەردەمی، کەفا ڕوونیکردوە، لە کۆمەڵگەدا هەمیشە بەربەست بۆ ژنان دروستکراوە بەتایبەت لەو کارانەی کە پێویستیان بە ئیرادە و توانا هەیە، لەبەرامبەردا هەمیشە دەرفەت بۆ چەند بوارێکی کەمی ژنان کراوەتەوە، تا دەست نەدەنە هەموو کارێک، بەڵام ئیرادەی من بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە و شکاندنی ئەو قاڵبانەی کە سنوورێک بۆ ئاواتەکانی ژنان دادەنێت، وایکرد پڕۆژەکەم سەرکەوتوو بێت.

 

کەفا لە باخچەی ساوایانەکەیدا ئەو منداڵانە وەردەگرێت کە پێویستی تایبەتیان هەیە، و منداڵی تەندروست پەروەردە دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە شوێنێک بۆ زۆرێک لە دایک و باوکان بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ باخچەی ساوایان.

 

"لە ڕێی هەوڵەکانییەوە توانیم بگەمە ئامانجەکانم"

کەفا خەزیم بووەتە سەرچاوی هێز و توانا بۆ زۆرێک لە ژنانی ئەو ناوچەیە، بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە و کاری تێدا بکەن، چیتر گوێ بە بەربەستەکانی کۆمەڵگە نەدەن.

 

دوای ئەوەی کەفا سەرکەوتنی لە پرۆژەی بەڕێوەبردنی باخچەی ساوایان بەدەستهێنا، ویستی ڕێگەی خۆی بۆ پرۆژەیەکی دیکە بکاتەوە، جارێکی دیکە بەرەنگاری چەشنە کۆنەپەرستییەکانی کۆمەڵگە بووەوە و پڕۆژەیەکی بازرگانی خستەڕوو، وتیشی: دەستم کرد بە کاری بەڵێندەری، ڕاستە یەکەم کەس نەبووم لەو بوارەدا، بەڵام توانیم کاریگەریم هەبێت، چونکە ئەو کارە لەلایەن پیاوانەوە قۆرخ کراوە، چونکە بازرگانی ئەرکێکی قورسە و بەرزی و نزمی تێدایە، بەڵام لە قورسییەکانەوە فێری ئەزموون بووم و توانیم زیاتر بەسەر بەربەستەکاندا سەربکەوم.

 

لەکۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم ژنان کرد، کە ئیرادەی خۆیان بکەنە چەکێک بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.