لە هێرشێکی چەکداریدا چوار هاوڵاتی دهۆک لە ماردین کوژران

لەسنورى شارى ماردینی باکوورى کوردستان لە هێرشێکدا بۆسەر ئۆتۆمبێلێک چوار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان، کە خەڵکی دهۆکن، کوژران و هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکەش تائێستا ڕوون نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانى ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی دووەم، لە باکووری کوردستان و لەسەر ڕێی نسێبین سەر بە شاری ماردین دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێک کرا، کە لە هەرێمی کوردستان چووەتە باکووری کوردستان بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی و پێنج هاوڵاتی تێدابووە.

 

لەئەنجامى ئەو هێرشەدا چوار کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش برینداربووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەر، دوو لە کوژراوەکان ژنن بە ناوەکانی چیمەن شاهین خالید، ٧٥ ساڵ و واحیدە حەیدەر جاسم، ٦٣ ساڵ

 

بەپێی زانیارییەکان ئەو هاوڵاتیانە بەمەبەستى چارەسەری پزیشکی چوونەتە باکووری کوردستان، بەڵام تائێستا نازانرێت هۆکاری ئەو هێرشە چی بووە، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەلایەن لایەنە پەیوەندییدارەکان لەسەر ئەو ڕووداوە دەستیپێکردووە و ڕێکاری گەڕانەوەی تەرمەکان بەرێوەدەچێت.