لە دژی بڕینی مینحەکانیان کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە گردبوونەوە

لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا مینحەی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەبرێت و هاوڵاتیانیش باس لەوەدەکەن کە مووچەکانیان بەشی دەرمان و پێداویستییەکانیان ناکات.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە بەردەم نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیای گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی دژی بڕیاری بڕینی مینحەکانیان.

 

بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە کەوتووە و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا، بڕیارە ئەو کەسانەی مووچەی دیکەیان هەیە، مینحەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و قوربانیانی کیمیاباران ببڕدرێت، بەو بۆنەیەوە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری شەهیدان هەڵوێست و ناڕەزاییان نیشاندا و ئاماژەیان بەوەدا کە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیاباران بێ پێداویستیە و حکومەتی هەرێم خەمساردە.

 

نەسرین عەبدولقادر، بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە، تایبەت بە نوژنها وتی: ئێمە ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە بە مەبەستی ڕێگرتن لە بڕینی مووچەی مانگانەمان کە ئەو مینحەیە بەشی ژمارەیەکی کەمی پێداویستی و دەرمان دەکات، ئێمە بەرکەوتەی چەکی کیمیاین و سبەی ڕۆژ دەمرین، بۆ کە مردین موچەی شەهیدییەکەمان بدرێت بە کەسوکارمان، با بە زیندویەتی مووچەکەمان نەبڕن.

 

نەسرین ئاماژە بەوەش دەدات کە پێویستە لیژنەی چاکسازی بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان وتی: داوا لە هەر سێ سەرۆکایەتی و لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە ئەو پرۆژە یاسایەی پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە ڕەچاوی بکات و بە دەم داواکارییەکانمانەوە بێن، ئەگەر هەڵوێست وەرنەگیرێت، ئەوا لەگەڵ قوربانیانی بالیسان و گەرمیان لە بەردەم پەرلەمان کۆدەبینەوە.

 

ناڕەزایی کەسوکاری شەهیدان لەکاتیکدایە کە ئەو بەرکەوتانەی دوو موچەیان هەیە بەپێی یاسای نوێی چاکسازی دەبڕدرێت و ئەو مووچەیەش کە وەریانگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە.