"دانوستاندنکردن لەگەڵ تاڵیبان خیانەتکردنە لە مافەکانی ژنانی ئەفغانستان"

ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئەفغانستان لە شوێنێکی داخراو کۆبوونەوە و سێهەمین کۆبوونەوەی دۆحەی سەبارەت بە ئەفغانستان ئیدانە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە سێیەمین کۆبوونەوەی دۆحە لە ١٩ی حوزەیران لە قەتەر بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی وڵاتان سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان بەڕێوەبچێت.

 

لە پاشخانی ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە قەتەر بۆ دانوستان لەگەڵ تاڵیبان بەڕێوەچوو، ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئەفغانستان ناڕەزایەتییەکیان ڕێکخست و ڕایانگەیاند کە "لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستانەوە، هەموو تاوانەکان دژی خەڵک و بەتایبەت ژنان ئەنجام دراون".

 

لە بەیاننامەی ناڕەزایەتی ئەم ژنانەدا هاتووە کە تاڵیبان دوای دەستبەکاربوونی دەسەڵات، هەموو ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی ژنانی زەوت کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنانە هێشتا بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان.

 

ژنە خۆپیشاندەران ڕەخنەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت کە مافیان بە تاڵیبان داوە و بەشدارییان لە سێهەمین کۆبوونەوەی دۆحەدا کردووە، ئاماژەشیان بەوەکرد، چۆن دانوستان لەگەڵ گروپێکی وا دەکەن کە دەستیان بە خوێنی هەزاران بێتاوان پەڵەدارە و دانوستان و ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵیاندا دەکەن تاڵیبان خیانەتکردنە لە مافەکانی ژنانی ئەفغانستان لەبری دانوستان و مافدان بە تاڵیبان، پشتیوانی لە ژنانی ئەفغانستان بکەن.