گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان پەرەدەسێنێت
لە شاری سلێمانی، ژنێک کە هاوژینەکەی بەرپرسە لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیلەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
ژنان ئەگەر نەکوژرێن، هاندەدرێن بۆ خۆکۆژی و بەشێوەیەکی گوماناوی گیان لەدەستدەدەن، ئەمەش بۆ دەرچوونی بکوژانە لە سزاو یاسا، ڕێژەکەی ڕوو لەزیادبوونەو کوشتنه و گیانلەدەستدانی گوماناوی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانە.
شەوی ١٣ی ئاب، لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، ژنێک بەشێوازێکی گوماناوی گیانیلەدەستداوە و تائێستا هۆکاری ڕووداوەکە ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، بە مەبەسی لێکۆڵێنەوە، تائێستاش هۆکاری ڕووداوەکە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری ڕووداوەکە.