گیان لەدەستدان لە غەززە ڕۆژانە لە زیادبووندایە
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تائێستا ٣٤ هەزار و ٣٨٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٧ هەزار و ٤٣٧ کەسیش بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، حەماس هەزاران مووشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و لەبەرامبەریشدا ئیسڕائیل دەستی بە هێرشکردن بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارەی ناوچەی رەفەح لە باکووری کەرتی غەززە بوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕۆژی ٢٧ی نیسان رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ٢٦ بۆ ٢٧ی نیسان بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٩ کەسیش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای دروستبوونی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا لە کەرتی غەززە ٣٤ هەزار و ٣٨٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٧ هەزار و ٤٣٧ کەسیش بریندار بوون، لەناو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەسیان منداڵن و زیاتر لە ٨ هەزار و ٤٠٠ کەسیشیان ژنن، هەروەها زیاتر لە ٨ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.