ژنانی مەخمور کوشتنی ژینا ئەمینی شەرمەزار دەکەن

ژنانی کامپی پەنابەرانی مەخمور لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزار کرد.

مەخمور

ژنان لە کامپی پەنابەرانی مەخمور بەپێشەنگایەتی ئەنجومەنی عشتاری مەخمور لەڕاگەیەنراوێکدا ئەشکەنجەدان و کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵیان لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ئیدانەکرد، لێدوانەکە لەبەردەم دەروازەی دامەزراوەی ژناندا  درا کە بۆ خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد و وتارەکە لەلایەن زۆزان کارێ مامۆستای خوێندنگای دایکەوە خوێندرایەوە.

 

لێدوانەکە بەم شێوەیەیە:

"سیستمی زاڵ کە وەک هەموو سەردەمەکان تێپەڕیوە دیسان دەیەوێت ئەو سەردەمەی کە ژنان توانیویانە لە ڕێگەی بوونی خۆیانەوە و بەو خەباتەی بەرپایان کردووەو توانیویانە مافی خۆیان بپارێزن لەناو ببات، لەبەرامبەر ئەو خەباتەی کە لەلایەن ژنانی یاخ و خۆڕاگرەوە سەریهەڵداوە، سیاسەتی چەوساندنەوەی ژنان لەسەر کار دەیەوێت بە هەموو هێزی خۆی ئەو ژنەی کە ڕابەری ڕاستی مێژووی مرۆڤایەتییە بیکوژێت و بێ ئیرادەی بکات و لە ڕووی جەستەییەوە لەناوی دەبات.

 

"تاکە رێگا بۆ پاراستنی ژنان پاراستنی خۆیانە"

بۆ نموونە یەکێک لەو ڕووداوانە لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا کە ژنێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی کە بۆ گەشت چوبووە تاران، بە بیانوی ئەوەی کە سەرپۆشەکەی بە باشی نەکردووە ئەشکەنجە دراو لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا توشی جەڵتەی مێشک بوو گیانی لەدەستدا، ئەمە باشتر دەرخەری زاڵبوونی پیاوان و ئەو زوڵم و ستەمەیە کە بەرامبەر بە ژنان کراوە.

 

ڕژێمی ئێران کە هیچ بەرپرسیاریەتییەکی نەگرتووەتە ئەستۆ بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، بەم شێوەیە لە دژی ژنان و منداڵان و کۆمەڵگە هەڵسوکەوتی خۆی ئەنجام دەدات، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەیانەوێت لەناو ئەم ڕژێمە دڕندەیەدا بژین هەوڵ دەدەن خۆیان بپارێزن و هیچ ئاسایشێک بۆ ژیانیان نییە و هیچ ڕۆژێک نییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ کوشتنی ژنان تێپەڕێت، لەبەرامبەر ئەو دەسەڵاتەی کە ژن دەکوژێت، ژنانی دانیشتووی هەموو شوێنێکی جیهان و بەتایبەتی ژنانی کورد لە هەموو شوێنێک دەبێت هێزی پاراستنی خۆیانیان هەبێت و خاوەنی کەسایەتی خۆیان بن، چونکە تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا خۆپارێزی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنە.

 

ئێمە وەک ژنانی کامپی مەخمور نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە کوشتنی نا ئەخلاقی و نادادپەروەرانەی ژینا ئەمینی ئەو ژنە گەنجەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پلەی یەکەم بۆ ئەو خێزانە بەهادارە و هەموو ئەو ژنانەی کە ستەمیان لێ دەکرێت، ئەوان لە تێکۆشانێکی بێهاوتایدا سەرەخۆشیان لێدەکەن، لە لایەکی دیکەوە لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی هەڵوێستی یەکدەنگی خەڵک بەرامبەر بەو کردەوەیەو وەک ژن بە هاواری "ژن ژیان ئازادی" دیسان سووربوونی خۆیان لەسەر ئازادی هێنایە سەر زمان و  پیرۆزی دەکەن، ئێمە وەک ژنانی مەخمور ئەم کارە نامرۆڤانەیە شەرمەزار و مەحکوم دەکەین و لەسەر هێڵی خۆپاراستنی هێزی ژنان هەموو ژنان بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن".

بەیاننامەکە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.