گریتا تۆتنبێرگ،ەخنەی لە کۆنفرانسی COP31 گرت

گریتا تۆتنبێرگ ، چالاکوانی ژینگەیی سویدی، لە کاتی ئامادەبوونی لە شاری ئەنتالیا بۆ کۆنفرانسی COP31، ڕەخنەی لە کۆنفرانسەکانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و وتی کۆنفرانسەکە لە هەنگاونانی کرداری و بەرچاو بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی کەشوهەوا سەرکەوتوو نەبووە.

ناوەندی هەواڵ -  گریتا تۆتنبێرگ ،  چالاکوانی ژینگەیی سویدی، لە وتەکانی لە کاتی کۆنفرانسی COP31 لە ئەنتالیا، ڕایگەیاند کە کۆنفرانسەکانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان نەیانتوانیوە ئەنجامی کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا بەدەست بهێنن.

 

گریتا تۆتنبێرگ  ئاماژەی بەوە کرد کە کارەساتەکانی کەشوهەوا ئەنجامی ئەو ئاگادارکردنەوانەن کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن زانایان و ئەو کۆمەڵگایانەوە دەدرێن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکانی قەیرانەکەیان بەسەردا هاتووە. جەختی کردەوە کە حکومەتەکان دەبێت پابەندییەکانی خۆیان لە بواری کەشوهەوادا جێبەجێ بکەن. هەروەها ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا کرد و ڕایگەیاند کە نابێت ڕاستییەکانی وڵاتی میوانداری لوتکەکە پشتگوێ بخرێن.

 

کۆنفرانسی COP31 کە لە ٩ی تشرینی دووەم لە ئەنتالیا دەستی پێکردووە، تا ٢٠ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت. گریتا تۆتنبێرگ  لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بەشداری لە کۆنفرانسەکانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان نەکردبوو.

 

بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی کەشوهەوا بەس نییە

گریتا تۆتنبێرگ  کە بۆ COP31ی ئەمساڵ هاتبووە ئەنتالیا، بە توندی ڕەخنەی لە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان گرت. ئەو لوتکەکانى بە «سیرکگەلێکی بە ڕەنگی سەوز ڕازێنراو» وەسف کرد و وتی ئەو بەڵێنانەی سەبارەت بە قەیرانی کەشوهەوا دراون، دەبێت چیتر ببنە هەنگاوی کرداری و بەرچاو.

 

گریتا تۆتنبێرگ  ئاماژەی بەوە کرد کە چالاکوانان بۆ ماوەی چەندین ساڵە داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن هەنگاو بنێن و وتی:

وەک چالاکوان، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی فشار بخەینە سەر دەسەڵاتداران تا ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن کە بۆ دەیان ساڵ داویانە. کارەساتە کەشوهەواییەکانی ئەم دواییانە ئەنجامی ئەو ئاگادارکردنەوانەن کە بۆ دەیان ساڵ لەلایەن زانایان و ئەو کۆمەڵگایانەوە دراون کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوایان بەسەردا هاتووە. دەبێت دان بەوەدا بنێین کە لوتکە بەرزەکانی COP بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی کەشوهەوایی بەس نین.

 

ڕەخنە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا

گریتا تۆتنبێرگ  ئاماژەی بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا کرد کە میوانداری کۆنفرانسی COP31 دەکات. بە پێی ڕاپۆرتی یۆرۆنیوز، گریتا تۆتنبێرگ  ڕایگەیاند کە خەباتی ژینگەیی و مافی مرۆڤ ناتوانرێت لە یەکتر جیا بکرێنەوە و ڕەخنەی لە تورکیا گرت.

 

گریتا تۆتنبێرگ  وتی: ناتوانین چاو لەو ڕاستییە بپۆشین کە وڵاتی میواندار چەندین مافی بنەڕەتیی مرۆڤ پێشێل دەکات.