گەرم بوونی زەوی لە داهاتوودا گرفت بۆ هەناسەدانی مرۆڤ دروست دەکات

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشکرایدەکات، پلەی گەرمای بەرز بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە دەتوانێت ئاستی ئۆزۆن لەسەر زەوی تا ساڵی ٢٠٥٠ بەرز بكاتەوەو دەبێتە هۆی دروست بوونی گرفت بۆ هەناسەدانی مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا کە بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ وڵاتانی جیهان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەرییەکانی دەردەکەون و لە زۆربەی وڵاتان زریان و شەپۆلی باران بارین هەیەو لافاو دروست بووە کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، لە وڵاتانی دیکەش وشکەساڵی دروست بووەو هەندێک لە ناوچەکان بەبیابان بوون.

 

توێژینەوەیەكی نوێ لە ئەمریكا دەریخستووە، پلەی گەرمی بەرز بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوای زەوییەوە، دەتوانێت ئاستی ئۆزۆن لەسەر زەوی تا ساڵی ٢٠٥٠ بەرز بكاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی كێشە بۆ هەناسەدانی مرۆڤ.


لەو بارەیەوە جەیمس ئیست كە خوێندكاری دكتۆرایە لە زانكۆی ویلایەتی كارۆلینای باكور وتوویەتی: گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەری لەسەر دروست بوونی ئۆزۆن هەیە لەڕێگەی كۆمەڵێك هۆكاری ئاڵۆزەوە بەڵام پلەی گەرمی بەرز پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی ئۆزۆنەوە هەیە لە ناوچە پیس بووەكاندا. 


لە كاتێكدا چینی ئۆزۆن لە بەرگەهەوای زەویدا بە پاراستنی مرۆڤەكان لە تیشكی زیانبەخشی خۆر ناسراوە، زۆرجار ئەگەری دروست بوونی گازی ئۆزۆنیی سەر زەوی هەیە كە پیسكەرەكانی هەوا لەوانە پێكهاتە ئۆرگانییە هەڵاوەكان و ئۆكسیدی نایترۆجین كارلێك دەكەن.


 توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە، زیادبونی ئۆزۆن لە هەوادا دەتوانێت كوالێتی هەوا خراپتر بكات و ئەگەری هەیە كاریگەری لەسەر سییەكان هەبێت و ببێتە هۆی هەوكردن لە كۆئەندامی هەناسەدان.