گردبوونەوەو ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و جیهان

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی ژنان لە شاری سنە و چەند شاری ئەورووپایی، وێرای یادکردنەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، هەموو جۆرە توندوتیژییەکیان لە دژی ژنان لە جیهاندا شەرمەزار کرد و پشتیوانییان لە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و زەینەب جەلالیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم، لەگەڵ نزیکبوونەوە بە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چەندین گردبوونەوەو کۆبوونەوەی ناڕەزایی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و چەند شارێکی ئەوروپا بەڕێوەچوو.

 

سنە، بەرلین، دوسلدۆرف، فرانکفۆرت لەو شارانە بوون کە بە کۆبوونەوە و ڕێپێوان و بڵاوکردنەوەی پەیام بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم یادی ئەم ڕۆژەیان کردووەتەوە.

 

یەکێتی ژنانی کوردستان و کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی ژنان لە شاری سنە، لە کەشێکی داخراودا کۆدەبنەوە و وێنەی ژنە تێکۆشەرەکان و زیندانیکراوەکان لە زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی بەرز کردەوە لەوانەش وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، زەینەب جەلالیان و هتد، لەگەڵ ڕاگەیاندنی پشتگیرییەکانیان بۆ ئەم ژنانە و بەرخۆدانی زیندانەکان سزای لەسێدارەدانیان ئیدانە کرد کە دژی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەرچووە.

 

هەروەها خۆپیشاندەرانی چەند شارێکی ئەوروپی کە وێڕای شەرمەزارکردنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان لە جیهاندا، پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی زیندانیکراوی زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەربڕی.

 

لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا، تەڤگەری ژنانی کوردستان-ئەوروپا "TJK-A"، کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ئەوروپا "کژار"، تەڤگەری ژنانی ئازادی ئێزیدی-ئەوروپا "تاژێ" و گروپی فێمینیستی ڕۆزا لە خۆپیشاندانێکدا بەبۆنەی ٢٥ تشرینی دووەمەوە کۆبوونەوە و وێڕای شەرمەزارکردنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، دەرکردنی سزای زیندانی درێژخایەن و بەتایبەتی سزای لەسێدارەدان لە دژی زیندانیانی سیاسی ژن لە ڕژێمی ئیسلامی بە توندی ئیدانە کرد.

 

لە کاتێکدا کە لە هەموو جیهاندا هەمیشە هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان هەیە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی نامرۆڤانە دژی ژنان توندوتیژی دژ بە ژنان چڕتر کردووەتەوە.