گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد

دژی داگیرکارییەکان و شەهیدکردنی پێنج گەریلا، گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر و بە بەشداری چالاکوانان و دایکان، دژی داگیرکارییەکان و بۆردومانکردنی کۆبانێ لە ٢٥ی کانوونی یەکەمدا، بەیاننامەیان خوێندەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا کرا و تێیدا هاتبوو: دەوڵەتی تورکیا دەیان ساڵە هەوڵی داگیرکردن و لەناوبردنی زمانی کوردی دەدات، بۆماوەی هەشت مانگە لە چیاکانی باشووری کوردستان گەریلا بەرخۆدانی دەکەن دژی ئەو هێرشانەی دەیکەنە سەر باشوری کوردستان، جگە لەو هێرشانەش هێرشی ڕۆژئاوا و شەنگال دەکات و دەیەوێت ئیرادەی گەل لاواز بکات.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەدا لە ئەنجامی ئەو هێرشانە و لە دواین هێرشیان بۆ کۆبانێ بەهۆیەوە پێنج کەس شەهید بوون، ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ هاوکاریکردن و پاڵپشتی کردنی داگیرکەران لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستانەوە.

 

جەختیان لەوەشکردەوە کە گەنجان دواڕۆژی گەلن و دەوڵەتانی داگیرکار دەیانەوێت لە ڕێگەی لەناوبردنی گەنجانەوە کورد تێکبشکێنن، دەشڵێن "بەو هێرشانە ناتوانن ئیرادەی گەل لەناو ببەن بەڵکو وەڵامی گەنجان بۆ ئەو هێرشانە تەنها و تەنها بەرخۆدانە"

 

ت.پ