لە گەورەترین ڕووداوی هێڵی ئاسنی هیندستان سەدان کەس کوژران و بریندار بوون

بەهۆی ڕووداو و وەرگەڕانی ٣ شەمەندەفەر لە هیندستان ٣٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ، ٢ی حوزەیران، لە نزیک شاری بالاسۆری ڕۆژهەڵاتی هیندستان، دوو شەمەندەفەری نەفەر هەڵگر و شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر لە ڕێڕەو دەرچوون، بەهۆیەوە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٨٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووداوەکە، هەوڵەکانی فریاگوزاری هێشتا بەردەوامن و بەرپرسانی هیندستانیش ڕایانگەیاندووە کە پێدەچێت ژمارەی قوربانییەکان زیاتر ببێت، چونکە ڕووداوەکە خراپترین و دڵتەزێنترین ڕووداوی شەمەندەفەرە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەم وڵاتەدا.

 

میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە، سەرەڕای ناردنی زیاتر لە ٢٠٠ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و دەیان پزیشک و پەرستار بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەکانەوە، پاسەکانی شاریش بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکانی نزیکیش بەکاردەهێنرێن.

 

وردەکارییەکانی ڕووداوەکە ڕوون نییە، بەڵام پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەمەندەفەرێکی نەفەر هەڵگر لە ڕێڕەو دەرچووە و دوای وەرگەڕانی، بەشێک لە گالیسکەکانی ئەم شەمەندەفەرە کەوتوونەتە سەر ڕێڕەوی تەنیشت یەکتر، لە ئەنجامدا شەمەندەفەری دووەم و سێیەمیش لەگەڵ ئەو گالیسکانەدا پێکیاندا داوە.

 

سەرۆک وەزیرانی هیندستان و وەزیری هێڵی ئاسنی ئەم وڵاتە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ کەسوکاری کوژراو و بریندارانی ئەم ڕووداوە، پێدانی قەرەبووی کەسوکاری کوژراو و بریندارانیان ڕاگەیاند.