گۆڕێکی بەکۆمەڵێکی تر لە شنگال دۆزرایەوە

گۆڕێکی بەکۆمەڵێکی دیکە لە شاری شنگال دۆزرایەوە، لە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکە ناسنامەی کەسێکی خەڵکی سیبا شێخ خدر دۆزرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوینی ١٨ی ئەیلوول ،گۆڕێکی بەکۆمەڵێکی دیکە لە شاری شنگال دۆزرایەوە کە گوندنشینانی کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر خەریکی شۆفڵکردنی خاک بوون بۆ دروستکردنی ماڵەکانیان لەنێوان کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدرو شارۆچکەی تلعوزیر لەوکاتەدا جلوبەرگی مرۆڤ و ئێسک و پروسکی دۆزرایەوە، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا ناسنامەی سەیدۆ عیباس چوکۆ، هاوڵاتی کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر کە لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ەوە بێسەروشوێنە، دۆزرایەوە.

 

لە شنگال، کاتێک گۆڕە بەکۆمەڵەکە دۆزرایەوە، کەسوکاری قوربانیانی فەرمانەکە و دامودەزگا مەدەنییەکانی شنگال هاتنە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکە، ئەو خێزانانە و بەرپرسانی دامەزراوە مەدەنییەکان داوایان لە حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد کە بە زووترین کات شوێنی کارکردن بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان دابمەزرێنێت.

 

هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆداوە و سیاجیان کردووە کە پێدەچێت گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەردەمی فەرمانەکە بێت.