لە نسێبین ئەفسەرە تورکەکەی شرناخ شەرمەزار کرا

ژنانی نسێبین ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و گێچەڵەکەی ئەفسەرە تورکەکەی سرناخیان شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش ئەوەی ئەفسەرێکی تورک گێچەڵی بەرامبەر ژنێک لە شرناخ کردبوو، ژنانی نسێبین ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، شەڕی تایبەت پووچەڵ دەکەینەوە و خۆپاراستنی ژنان بەهێز دەکەین.

 

لە نسێبینی سەر بە شاری مێردین تەڤگەری ژنانی ئازاد 'تەژەئا' بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ڕەگەزیی ئەفسەرێکی سەربازیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ژنێک لە شرناخ، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

 

 لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "ژن، ژیان، ئازادیی" و "بژی بەرخۆدانی ژنان" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "لێپرسینەوە لە چەتە گێچەڵکارەکان دەکەین" بەرز کرانەوە، پاشان ناهیدە ئولگەر ئەندامی تەژەئا، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و تیشکی خستەسەر سیاسەتی شەڕی تایبەت دژی ژنان و مناڵان و وتی: ئەفسەری تاوانبار لەلایەن دەوڵەتەوە دەپارێزرێت.

 

ئولگەر ڕایگەیاند، لەلایەن تەڤگەری ئازادیی ژنان و گەلی شکۆمەندمانەوە، سیاسەتی شەڕی تایبەت پووچەڵ کراوەتەوە، جەختی کردەوە، وەک ژنان خۆپاراستن بەهێزتر دەکەن.

 

چیدەم کلیچگون ئوچار هاوسەرۆکی دەبەپە، لە ڕێپێوانەکەدا ڕایگەیاند، بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەوە کوشتن و توندوتیژی سەر ژنان لەناو کۆمەڵگا و لە ماڵەکاندا زیاتر بووە، لە کوردستان سیاسەتی شەڕی تایبەت دژی ژنان پێش دەخرێت، بۆیە تاوانباران بە ئاسانی لە کوردستان تاوان دژی ژنان ئەنجام دەدەن، بەڵام ژنان لە هەموو جێگەیەک خۆیان ڕێکخستووە، هەروەها جەختی کردەوە، "ئێمە دژی ئاکەپە خۆمان ڕێکدەخەین، "ژن، ژیان، ئازادیی" دژی ئاکەپە و دەوڵەتی پیاوسالار دووپات دەکەینەوە".