ژنان لە باشووری کوردستان بە بۆنەی ٢٥ تشرینی دووەم کۆبوونەوە

ژنانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە و لە گفتوگۆیەکی کراوەدا باسیان لە کار و چالاکیەکان بۆ ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم کرد.

سلێمانی

 

بە نزیکبوونەوە لە ٢٥ تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئێوارەی ئەمڕۆ، ١٦ تشرینی دووەم، لە شاری سلێمانی بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی ئەندامانی ڕێکخراوەکان، چاودێری سیاسی، چالاکوانان، گفتوگۆیەکی کراوە لە سەر کار و چالاکیەکان بۆ ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم کرا.

 

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە، باسی لە ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە کرد و وتی: ژنان خاوەن خەبات و مێژوویەکی فراوانن، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا دەبینن کە ژنان چۆن لە سیاسەت و ژیاندا لە گۆشەدا ماونەتەوە، هەر بۆیە دەمانەوێت ڕێگا چارەسەرییەک بۆ ئەم کێشانە بدۆزینەوە. ئێمە وەک ژنانی ڕۆژئاوا دەمانەوێت بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە لە باشووری کوردستانیش خەباتی ژن بەردەوام بکەین.

 

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دەدات کە تەنها لە بواری سیاسیدا ژن پێویستی بە کار و خەبات نیە، بەڵکو پێویستە لە هەموو بوارەکاندا وەک کۆمەڵگە، سیاسەت، ژیان و هتد وەک ژنێک بێتە ناسکرن.

 

بێریڤان محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەیکە بتوانن لەم گفتوگۆیەدا بتوانن چارەسەرییەک بدۆزنەوە و وتی: بە نزیکبوونەوەی ٢٥ تشرینی دووەم ئێمە دەتوانین بە هاوبەشی زنجیرە چالاکیەک بەڕێوەببەین.

 

هەروەها لەم گفتوگۆیەدا ئامادەبووان باسیان لە گرنگی سیمینار، پەروەردە و چالاکییەکان لەسەر بە ئاگاهێنانەوەی ژنانیان کرد. هەروەها تیشکیان خستەسەر ئەوەی کە لە ئێستادا ئێمە خاوەن کۆمەڵگەیەکین کە گرنگی بە ژنان نادەن، هەر بۆیە گرنگە کە ژنان یەکگرتوو بن و ڕێکخراوەکان، پارتەکان و چالاکوانان کار لە سەر توندوتیژی بەرامبە ژنان و منداڵان بکەن. هەروەها ئەو کەسایەتیانەی کە خاوەن خەبات و تێکۆشان بۆ گەنجان وەک نموونە بدرێنە ناساندن.

 

٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان یاد دەکرێتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت.