ئایا: بونیادی ژن بونیادێکی مەعریفیە؟

شیرین تاهیر - نووسەر و توێژەر

 

دەبێت ئومێدێک هەبێت کە ژن تاکێکی خاوەن پێکهاتە و بونیادێکی بەهێزە، دەتوانێت هەموو شتێک درک پێبکات و بیبینێت و گوزارشتی لێبکات، هیچ شتێک و کەسێک ئەو دەسەڵاتەی نییە ئەوهێزەی لێوەربگرێتەوە. بێگومان ئەم ناساندنە پاڵپشتی لەوە دەکات؛ کە ژن بونیادێکی مەعریفی قوڵی هەیە لە بینیین و گوزارشتکردن. وەک ئەوەی لە فیکری کلاسیکی یۆنانیدا هەیە، ئەم دوو بنەمایە(بینین و گوزارشتکردن)پێکەوە دەتوانن حەقیقەت دروست بکەن، ئەوەی بە زەین درکی پێدەکرێ و بەزمان گوزارشتی لێدەکرێت، بە جۆرێک بینین و گوزارشتکردن پێکەوە؛ دەبنە هۆی دەرکەوتنی حەقیقەت، بە واتایەکی دی ئەگەر بەشێکی زۆری حەقیقەت؛ بۆ ژن بگەڕێنینەوە و بە تایبەتی ئەگەر پەیوەندییەک لەو نێوەندەدا بنەخشێنین، ئەوا حەقیقەتێکی ڕوون بۆ ژن لە ئارادایە، کە بونیادە مەعریفیەکەی دیاریدەکات، کاتێک هەماهەنگی نێوان بینین(درککردن) و گوزارشتکردن لەیەککاتدا؛ وەردەچەرخێت بۆ پڕۆسەی مەعریفە، لە ئەنجامی ئەوکرانەوە زەینییە؛ بونیادە مەعریفیەکە، لەڕێی ئامرازێکی فیکریی شۆڕشگێڕی؛ ڕێی خزمەتکردنی حەقیقەت و ڕیی هێزی بیرکردنەوە و دەرخستنی ئێستاتیکای تێکۆشان؛ دەگرێتەبەر. هەندێک لە بیرمەند و سۆسیۆلۆژیستە پۆست مۆدێرنەکان، لەوانە(میشێل فۆکۆ)ی فەرەنسی؛ بە پێچەوانەوە ئەو لەو باوەڕەدابوو؛ مەرج نییە ئەو دوو ڕەگەزە (درککردن و گوزارشتکردن)پێکەوە هەماهەنگ بن، ئەوەی دەبینرێت و درکی پێدەکرێت؛ مەرج نییە گوزارشتی لێبکرێ، حەقیقەت لە ناپەیوەندی ئەو دووانەدا دروست دەبێت. ئێمەی ژن سەردەمەکە ناچارمان دەکات گرنگی بەو بونیادەی یەکەمیان بدەین، پەیوەندی مەعریفی لە نێوان درکردن و گوزارشتکردن بۆ شتەکان و کارەساتەکان هەڵبژێرین، چونکە کۆمەڵگە گرنگی بەو پەیوەندیە نادات، ئێمە وەک ژن پێویستە وەها لەو بونیادە مەعریفیە بڕوانین و کاری لەسەر بکەین، کە لە گۆڕانکاری و خۆدروستکردنەوە، بوونێکی نوێ بەرهەم بهێنین، ژن خاوەنی ئەو وزە و بونیادەیە کە لە خۆیەوە سەرچاوە دەگرێ. هەڵبەت بۆ ئەو سەرچاوەیە؛ پێویستی بە وشیاری درککردن و گوزارشتکردنە، وشیارییەکی قووڵ کە لە وشیاری باو جیاواز بێت، بەراوردکردنی خود و لۆژیکیانەش گرنگە، چونکە کاتێک بە ڕاستەوخۆ هوشیاری لە زەمەنێکدا دیالێکتیک دروست دەکات، ئەوا ئەو ساتە ژیرییە، دەبێتە بونیادی بەهێز؛ ئەو بونیادە بەهێزە ڕەنگڕیژی مانیفێستەکانە، ئەو مانیفێستانەی لە بینین و گوزارشتکردنەوە دەخوڵقێن. ئەم رووکردنە دەرەوەی خود گوێزانەوە لە واقیعێکی نا پێویست و سەپێنراوەوە بۆ لۆژیکیکی پتەو، ئەم لۆژیکە بابەتی و ئازادە، بەرامبەر بەوەی کە قبوڵمان نییە؛ گرنگە، ئەم گواستنەوەیە؛ هێز و سەربەخۆییە، کە پێچەوانەی خودە نامۆکەی پێشترە لە قوربانیدان و گرنگی و چییەتیدا، ئەمە قۆناغێکە لە ڕۆحی متمانە بەخۆبوون و گەیشتنە بە حەقیقەتی خود.

 

زۆرجار ئەزموونەکان؛ لەڕێی تاقیکردنەوەو کارکردنمان لەگەڵ دەرەوەی خود، مرۆڤ دەگاتە؛ خاڵی ئازادبوون، بونیادی ئازادبوون لە درککردن و گوزارشتکردن لە خۆمان؛ بونیادە کاریگەرەکەیە، لە دۆزینەوەی ڕاستیەکاندا؛ وەک ژن دەستمان بە ئاگرەکە دەسوتێنێ، بەڵام هەر بەردەوام دەبین لە پێدانی هێزوو گوڕی زیاتر بەخۆمان. ئێمە ئەوەندە نامۆیین بە حەقیقەتی خۆمان؛ وەها ڕۆچوون بە ناوماندا کە لەبەرامبەر واقیع و ڕاستەیەکان و کۆمەڵگەش؛ بوونە ڕاهێنراوەکەمان نمایش دەکەین و خود و شکۆمەندیمان بیرچۆتەوە، ئەو شتانەی لەگەڵ ژن و کیانە بەهرەدارەکەی ناکۆک و ناتەبایە، پێویستە هەوڵ بدەین بۆ چاککردن و گەڕانەوەیان، ئەمە بەرپرسیارێتی گەورە دەخاتەسەر بابەتی لاوازی و ڕوولەخراپ بوونی دۆخی ژن، چەندین ژن و چەندین ڕێکخراو هەن؛ لە پێناو ئازادی و یەکسانی تێدەکۆشن و هەوڵی باشترکردنی ئەو دۆخە خراپانەی ژنان دەدەن کە ڕۆژانە وەک کارەسات دووبارە دەبنەوە، ئەمانە لە واقیعی ڕاستی ژیانی زۆریک لە ژنان هەن بەتایبەتی ژنانی بەشکراو و پەراوێزخراو، سیستمێک هەیە مەترسی لەسەر لەناوچوونی هێز و هەژموونی هەیە، سیستمی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری، هەمو ئایدیایەک لە مەودای شوێن و کاتدا ئامانجە ڕوونەکانی جیاوازن، ڕەنگە بونیادی ژن لە هەندێک ڕوەوە پیویستی بە بەبەرەوڕووبوونەوەی ڕادیکاڵیبوون بێت، لە واقیعدا ڕەخنە و هەڵوێست وەرگرتن؛ گرنگ بێت، لە مەودا دوورو نزیکەکانیشدا، بەهۆی جیاوازی بیرو باوەڕەکان و جیاوازی کێشەکان؛ بە داخەوە ژنانی کورد بە تێکڕا جۆرێک لە یەکتربڕی و دابڕانی فیکرییان هەیە، بەڵام هەرگیز ژن-لە خەباتی ڕەگەزی دابڕاو نییە، ئەگەر لەهەر رووانگەیەکەوە دابران هەبێت، هێشتا لەچەوساندنەوەی ڕەگەزییدا هەمووان یەک خەم و یەک فەرامۆشکراوییان هەیە، بۆیە لەو ڕوەوە پێویستی بە هەموو جۆرە خەباتێکی مەیدانی و تیۆری و فەرهەنگی و سیاسی و مەدەنیشە، چونکە کێشەکانی ژن جۆراوجۆرن و چەندین ئاڕاست و ئامانجی بەرزە فڕینی دەوێ.

 

ئەم گوتارە لە ژمارە ٢٢٨ ی گۆڤاری تروسکە بڵاوکراوەتەوە