غەززە... هۆشدارییەکانی داخستنی نەخۆشخانەکان

هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی غەززە ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە شەشیان منداڵ بوون، هاوکات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا هۆشداریدا لە کارەساتێکی مرۆیی نزیک کە مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران نەخۆش و برینداری نەخۆشخانەکانی غەززە هەیە.

ناوەندی هەواڵ - هێزەکانی ئیسرائیل ماوەی چەند مانگێکە گەمارۆی توندیان بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندووە، ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و کارەساتی مەدەنیی گەورەتر کردووە.

 

بەپێی وتەی وتەبێژی بەرگری شارستانی غەززە، لە دوو هێرشی ئاسمانی هێزەکانی ئیسرائیل لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە و کەمپی پەنابەرانی شاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، ٢٠ فەڵەستینی کە لانیکەم شەش منداڵ و ژن بوون، کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە هۆشداریدا لە کارەساتێکی مرۆیی نزیک کە مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران نەخۆش و برینداری نەخۆشخانەکانی غەززە هەیە، لە کاتێکدا قەیرانی سووتەمەنی بەردەوامە لە ئیفلیجکردنی نەخۆشخانەکان لەنێوان شەڕی جینۆسایدی بەردەوام کە زیاتر لە ٢١ مانگە بەردەوامە.

 

هێمای بۆ ئەوە کرد کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێنانە ناوەوەی بڕێکی سنووردار لە سووتەمەنی لە ڕێگەی سیاسەتی "دڵۆپ" لە سەردەمی جەنگدا، جەختیشی کردەوە کە سەرجەم نەخۆشخانەکانی غەززە لە ماوەی سێ کاتژمێری داهاتوودا لە خزمەتگوزاری دەردەچن بەهۆی کەمبوونەوەی تەواوەتی سووتەمەن، نەبوونی هیچ یەدەگی سووتەمەنییەک بۆ دابینکردنی کارەبا.

 

جەختیشی کردەوە، نەخۆشخانەکە هیچ جێگرەوەیەکیان نییە ئەگەر کۆمەڵەکە کارەکانی ڕابگرێت، ئەمەش هەڕەشە لە ژیان و چارەنووسی سەدان نەخۆش دەکات، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی کەمی ئاوکە لە ٩٠%یە، کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی تەندروستی لە غەززە هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەزاران منداڵ بەدەست هەوکردنی پەردەی مێشکەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لەوەی ٥٠ هەزار ژنی دووگیان بەدەست بارودۆخی تەندروستی سەختەوە دەناڵێنن، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی و نەبوونی چاودێری تەندروستی هەمەلایەنە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ هێنانی سووتەمەنی بۆ ناو کەرتەکە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوو و دوبارە خستنەوە کارکردنی وێستگەکانی ئاو.

 

شەڕی بەردەوام کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە، بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە زیاتر لە ٥٧ هەزار فەڵەستینی کوژراون، کەرتەکەی بچووک کردووەتەوە بۆ داروپەردوو، بووەتە هۆی برسێتییەک کە ژیانی دەیان کەسی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئاوارەبوون بۆ زۆربەی دانیشتوانی غەززە، بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە چەند مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە.