غەززە گۆڕاوە بۆ مەیدانی کوشتن و خەڵکی مەدەنی لە خولێکی بێکۆتایی مردندا گیریان خواردووە

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزەکانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە کەرتی غەززەیان کردووە بە مەیدانی کوشتن و جەختیشی لەوە کردەوە کە خەڵکی مەدەنی لە سووڕێکی بێکۆتایی مردندا گیریان خواردووە.

ناوەندی هەواڵ 

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا قوربانیی زیاتری خەڵکی مەدەنی و ئاوارەبوونی لێدەکەوێتەوە کە ژن و منداڵیان تێدایە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گەمارۆی توندی ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی خۆراک و یارمەتییە پزیشکییەکان هەیە. 

  

ڕۆژی ٨ی نیسان، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزەکانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە کەرتی غەززەیان کردووە بە مەیدانی کوشتن و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی مەدەنی لە سووڕێکی بێکۆتایی مردندا گیریان خواردووە، هەروەها ڕەخنەی لە هێزەکانی ئیسرائیل گرت کە ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان دەکەن لەبری ئەوەی ڕێز لە بەڵێنە ئاشکراکانیان بگرن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان، بە تایبەت دوای زیاتر لە مانگێک بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ هاوکاری بگاتە کەرتی گەمارۆدراو. 

 

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنییان لە غەززە دەستگیرکردووە، هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کەرتی ڕۆژئاوا چڕتر کردووەتەوە، کە دوێنێ ژنێک لە نزیک گوندی هاریس لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا کوژرا، گوایە دوای هەوڵی ئەنجامدانی هێرشی چەقۆ لێدان بووە. هەروەها فەرمانیان داوە کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا سەرجەم قوتابخانەکانی UNRWA لە قودس دابخرێن. 

 

لە دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکەوە ٤٠٠ هەزار کەس لە غەززە ئاوارە بوون 

لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ١٨ی ئادار، هێزەکانی ئیسرائیل ئامادەیی خۆیان لە کەرتی غەززە فراوانتر کردووە و ئێستا زیاتر لە ٥٠٪ی خاکەکەی کۆنترۆڵکردووە. 

  

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕەکان کەمتر لە سێ هەفتە لەمەوبەر، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس جارێکی دیکە ئاوارەبوون لە ناو کەرتی غەززە، کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە گەمارۆدراوە، پێویستە ڕێکخستن بکرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئاوارەکان و دابینکردنی مانەوەیان. 

 

بە ئامانجگرتنی چادری ئاوارەکان 

  

ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی ئیسرائیل چادری ئاوارەیان لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ٦ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە سێیان منداڵ و ژن بوون و ١٢ی دیکەش بریندار بوون، بەپێی هەواڵی میدیاکان، بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی دوێنێ بۆ ٢٤ کەس بەرزبووەتەوە. 

  

هێزەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە دەستپێکرد و ماڵەکانی دەوروبەری کۆلێژی زانکۆکەیان لە باشووری شاری غەززە کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە. 

 

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاندووە، لە دوای دەستپێکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، هێزەکانی ئیسرائیل هەزار و ٤٤٩ هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە و سێ هەزار و ٦٤٧ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن.  

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی کوژراوانی ئەو شەڕەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە غەززە دەستیپێکردووە، بۆ ١٦٦ هەزار کوژراو و بریندار بەرزبووەتەوە کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.