غەززە... فەرمانی چۆڵکردن و برسێتی لە ئارادایە و هۆشداری دەدرێت

لەگەڵ دەستپێکردنی کەمبوونەوەی کۆگاکانی خۆراک لە غەززە، جارێکی دیکە برسێتی لە ئارادایە و ئەو یارمەتییە خۆراکییانەی کە دەمێننەوە تەنها بۆ دوو هەفتەی داهاتوو بەش دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیساری گشتی UNRWA ڕۆژی ٢٧ی ئادار، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس لە غەززە بەهۆی فەرمانی چۆڵکردن لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ناچاربوون هەڵبێن، برسێتی لە زیادبووندایە، لەکاتێکدا مەترسی نەخۆشییەکان لە ئارادایە لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆردومانەکەدا، دادگای باڵای ئیسرائیلیش داواکارییەکانی ڕەتکردووەتەوە بۆ ڕێگەدان بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل بە پچڕاندنی کارەباو سوتەمەنی بەشێوەیەکی کاریگەر ڕێگەیان لە ئاوی غەززە گرتووەو داوا کرا ڕێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر گیان لەدەست نەدەن.

 

ڕێکخەری ئاو و پاکوخاوێنی ڕێکخراوەکە لە غەززە ڕایگەیاند، لەگەڵ هێرشە نوێیەکان کە تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بێبەشکردنی دانیشتووان بۆ ئاو لە ڕێگەی بڕینی کارەبا و ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی.

 

هێزەکانی ئیسرائیل لە ٢ی ئادارەوە بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی لە چوارچێوەی گەمارۆدانی توند و داخستنی دەروازەکان بەڕووی مرۆیی، فریاگوزاری، پزیشکی و کاڵا، UNRWA پشتڕاستی کردەوە کە ئەو یارمەتییانەی کە دەمێننەوە تەنها بۆ دوو هەفتەی داهاتوو بەش دەکەن، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان جارێکی دیکە هەڕەشەی برسێتی لە کەرتی شارەکە دەکات.

 

جەختیش لەوەکرایەوە، سەدان هەزار کەس لە غەززە جارێکی دیکە مەترسی برسێتی توند و بەدخۆراکییان لەسەرە، بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی کۆگاکانی یارمەتییە خۆراکییەکان لە کەرتی غەززە.