ڕژاک: لەیلا قاسم ژنێکی خۆڕاگر و ڕێچکەشکێنی ڕێگای تێکۆشانی ژنان
لە یادی شەهیدکردنی ژنە تێکۆشەر و خەباتکەر بۆ ڕێگای ئازادی، لەیلا قاسم، ڕژاک بەیاننامەی تایبەتی خوێندەوە و تێکۆشانەکانی ئەو ژنەی بە بیرهێنایەوە.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، لە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی تێکۆشەر و خەباتکار لەیلا قاسم بەیاننامەیەکیان بۆ بەبیرهێنانەوەی تێکۆشان و خەباتی لەیلا قاسم خوێندەوە کە، ٥٠ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانیدا تێپەڕ بووە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، شەیما نەبیل، ئەندامی ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەکەی خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو:
"لەیلا قاسم، ڕێچەشکێنی ڕێگای تێکۆشان، ژنێک پڕ لە خۆڕاگری و دڵ پڕ لەهەوڵی تێکۆشان بۆئازادی، ژنێک لەناو تاریکە شەوی زوڵم و زۆرداری داگیرکاراندا ڕێگای تێکۆشانی نیشانی ژنانداو لەناوجەرگەی ئەقڵی پیاوێتی ستەم کارو ڕژێمی دیکتاتۆردا نیشانی دا کە ژن ئیرادە و ئازادی خوازە، بوو بە بڵێسەی ئاگر بۆسوتاندنی ئەو ئەقڵە فیوداڵیەی کە ژن بەکەم تەماشادەکەن، ڕادەستبوونی قبوڵ نەکرد، تا کۆتا هەناسەی پابەندبوو بە تێکۆشان بۆ کوردایەتی و پەتی سێدارەی کردە مل و پێڵاوەکانی لەسەر سەری جەلادەکەی کۆتا پەیامی دابە داگیرکاران."
شەیما نەبیل، ئاماژەی بەوەشکرد، ژنە تێکۆشەرەکانی کورد نەیانهێشت تێکۆشانی لەیلا قاسم بەهەدەر بڕوات و بەردەوامیان کرد و بەردەوام دەبن هەتا ئازادی، جاران تەنها چەند ژنێکی جیهان هەبوون بۆ مافی خۆیان گیانیان بەخت کردوە بەڵام ئێستە ژنانی کورد بە هەزارانن و بوون بەپێشەنگی ئازادی بۆ ژنانی جیهان لەهەموو بوارەکاندا، لەیلا قاسم تێکۆشا و گیانی بەخت کرد بۆ ماف و ئازادی کورد، هەر بەو بۆنەیەوە یادی هەموو ئەو ژنانەی کە لەم مانگی ئایارەدا گیانیان لەدەست داوە بەرز ڕادەگرین و دەڵێین ئێوە نامرن و گیانتان شادبێت، لەم یادە پڕ لە شکۆیەدا بانگەوازی لە تەواوی ژنانی باشوری کوردستان دەکەین کە پێکەوە ڕێگای لەیلا قاسم بەردەوام بکەین و ڕێگە بە داگیرکاران و بە ژن کوژان نەدەین کە خاکمان داگیربکەن، و ئەوانەی ژن دەکوژن و چەک بەدەستن ژن نەکوژن و بەوچەکەی دەستیان بەرگری لەخاک و نیشتیمان بکەن، بانگەوازی لەوانە دەکەین کە قەڵەم بەدەستن قەڵەمەکانیان بۆ هاندان و خزمەتی ژنکوژان و خاک فرۆشان بەکارنەیەنن بەڵکو بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە بەکاری بێنن، وەبانگەوازی بۆئەوانەشی کە بەناوی ئاینەوە ڕەوایی دەدەن بە ژنکوژی وتەکانیان بۆچاکسازی کۆمەڵگە و بەرگری لەخاک و نیشتیمان بەکاربێنن نەک ژنکوژی و خاک فرۆشی.
لەیلا قاسم نامرێت و ژنانی کورد بڕیار و ئامانجەکەی بەدی دێنن
چرۆ شوانی، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، وتی: لە ساڵڕۆژی شەهادەتی لەیلا قاسم، لە کەسایەتی ئەودا سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی وەبیر دەهێنینەوە، بەتایبەت شەهیدانی ژن. لە ڕاستیدا ئێمە مانگی گوڵان بە مانگی شەهیدان دادەنێین، چونکە کۆمەڵێک کەسی پێشەنگ لەم ڕۆژەدا شەهیدبوونیان بە نسیب بووە، یەکێک لەوانە شیرین عەلەمهولی و هۆزان مزگینن، هەروەها ئەوەش وەبیر دەهێنینەوە، کە لە مانگی گوڵاندا، کۆمەڵکوژی لە هەولێر بە دەستی ناوخۆیی کرا، شەهید بوونیش بە دەستی هاوخوێنی خۆمان، زیاتر جێگای ئازارە، ئێمە لێرەدا سۆزی خۆمان دووپات دەکەینەوە، فیداکاری ئەوان لە پێناو ئەم خاک و نیشتمانە بۆتە هۆی ئەوەی بوونی ئێمە هەبێت، گەر بچینەوە مێژووی کورد، هیچ شتێک نەماوە بەرامبەر نەتەوەی کورد نەکرابێت، بەڵام تا ئێستاش خەبات و تێکۆشان بەردەوامە و بوونی ئێمە ماوەتەوە، ئێمە لەسەر پێین و ستەمکاران و ناپاکان و دوژمنان کۆتاییان لەناوچوونە، ئەوەی دەمێنێتەوە هێزی گەلە.