ژووری پزیشکی ماردین ڕاپۆرتێکی سەرەتایی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی باکوور بڵاوکردەوە
ژووری پزیشکی ماردین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی پەیوەست بە ئاگرەکە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٥ کەس تەواو کرد و ئاماژە بەوە کراوە، کە لە نەخۆشخانەکانی شارەکەدا هیچ بەشی چارەسەری سووتاویی بوونی نییە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/06/20240623-108389760-gettyimages-1162844240-jpg-webpe4d5fe-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ژووری پزیشکی ماردین ڕاپۆرتی سەرەتایی خۆی لەبارەی ئەو ئاگرە تەواو کرد کە شەوی ٢٠ی حوزەیران لە گوندەکانی نێوان شەمرەخی سەر بە ماردین و چنار لە ئامەد کەوتەوە و ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا.
ژووری پزیشکان لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، لە یەکەم کاتژمێرەکانی ئاگرەکەوە چوونەتە ناوچەکە و ئەوەی دیاریان کردووە لەگەڵ ڕاسپاردەکانیان بە ٩ خاڵ ڕیزبەندی کردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی ئاگرەکەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٤ کەسیش برینداربوون و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ مەڕ لەدەستچوون و نزیکەی ٥٠ هەزار دۆنم لە زەوییە چێندراوەکان بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بەشی سووتاویی نییە
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئاگرەکە لە شەودا کەوتووەتەوە و گەیشتن بە هەندێک شوێن ئەستەمە، بۆیە دەستوەردانێکی کەم لە زەویەوە هەبووە و وتراوە: هیچ دەستوەردانێک لە ئاسمانەوە نەبووە، بۆیە زیانەکان زیاتر بوون، لە کاتی بانگەوازەکەدا کارمەندانی تەندروستی وەڵامیان دایەوە و ژمارەیەکی پێویست لە کارمەندانی تەندروستی دەستوەردانیان لە ڕووداوەکەدا کرد، بەهۆی ئەوەی لە شارەکەماندا بەشی چارەسەری سووتاویی نییە، ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شارەکانی نزیک کراون و ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵک.
"پێویستە کار لەبواری تەندروستی گشتیدا بکرێت"
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، چالاکییەکانی کوژانەوەی دوای ئاگرەکە کەمبووەتەوە و ئەمەش مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیەکی نوێی دروست کردووە، گەردیلە وردەکانی ئاگرەکە بووەتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە و شێرپەنجە و گیان لەدەستدانی پێشوەختە، بە تایبەتی بۆ ئەو نەخۆشانەی هەناسە تەنگییان هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، نەخۆشی درێژخایەنی سییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەیە، کەسانی بەساڵاچوو، منداڵان، ژنانی دووگیان لە ژێر مەترسییەکی گەورەدان، بە تایبەتی کاتێک ئەو شوێنانەی ئاگرەکە زیانیان بەرکەوتووە پاکدەکرێنەوە، پێویستە وریا بن بەهۆی پاشماوەی خۆڵ و نەهێڵن بچنەوە ناو هەوا, دەرکەوتووە کە پێویستە کار لە ڕووی تەندروستی گشتیەوە بکرێت و ئەمەش گرنگە.
"پێویستە وریا بن لە پێدانی هەواڵ"
لە ڕاپۆرتەکەدا گرنگی بە پێدانی هەواڵی ئاگرەکە لە ڕاگەیاندنەکان دراوە و بەم شێوەیە وتراوە: "بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاگرەکە بەهۆی وایەری کارەباوە بووە و دواتر بەهۆی بایەوە زۆر بەخێرایی بڵاوبووەتەوە"، لەم جۆرە ڕووداوە زەبربەخشانەدا ئەگەر کەسانی بەرپرسیار هەبن، پێویستە دەستنیشان بکرێن و پرۆسەی یاسایی دەستپێبکرێت و پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و ڕوون بەڕێوەبچێت، چونکە دامەزراندنی هەستی دادپەروەری کاریگەری ئەرێنی لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵک هەیە، لە هەمان کاتدا دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و گەڕانەوە بۆ کاری ڕۆژانە زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم زەبر و زەنگە، بۆ نەهێشتنی زیان پێویستە دەستبەجێ مێزی قەیرانەکان دابنرێت و ناوچەکە وەک ناوچەی کارەسات ڕابگەیەندرێت.
بۆ ئەوەی کاریگەرییە دەروونییە زەبربەخشەکان کەم بکرێتەوە، پێویستە وێنەی هەستیاری پەیوەست بە ڕووداوەکە "وێنەی کەسانی بریندار و ئاژەڵ، ئازاری زیندەوەران" بڵاو نەکرێنەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا ئەوانە بوون کە هەوڵیان دا دەستوەردان لە ئاگرەکەدا بکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەزموون و زانیارییان لەم بابەتەدا نییە، پێویستە خەڵک لەم بابەتەدا پەروەردە بکرێن، دەزانین ئەگەر ڕێوشوێن و دەستوەردانی پێویست بکرێن، ئەو کارەساتانە ئەوەندە گەورە نابن، کاتێک مرۆڤەکان سەیری لایەنی کۆمەڵایەتی، کەسی، ئابووری، ئیکۆلۆژی و تەندروستی دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە گرنگە دیسیپلینە جیاوازەکانی شارەکە پێکەوە کاربکەن، بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین و ئامادەین پشتگیری لە دامەزراوە حکومی و تایبەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەین.