ژمارەی زیان لێکەوتووانی غەززە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە
بەهۆی شەڕی بەردەوام لە کەرتی غەززە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٥ هەزار و ٩١ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ هەزار ٨٢٧ كەسیش برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٥ هەزار و ٩١هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٨ هەزار و ٨٢٧كەس.
ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٥٧ كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨٢ـی دیكەش بریندار بوون، هەروەها ، ٢٢٠ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە.
لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی وڵاتەكەیان گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.