لەگەڵ بەردەوامی شەڕ برسێتی لە غەززە ڕوو لە هەڵکشانە

شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی حەوتەمین مانگ لەسەریەک بەردەوامە، دوای ئەنجامدانی سێ کۆمەڵکوژی دژی بنەماڵەکان، ٣٤ هەزار و ٦٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی حەوت مانگە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕ لەگەڵ کەرتی غەززە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە٪٨٥ی دانیشتوانی کەرتی غەززە، هەروەها وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری بەتایبەتی کەرتی تەندروستی کە کاریگەری کردووەتە سەر دروستبوونی هەزاران کەسی بریندار و نەخۆش.

 

لە ئامارێکی نوێی قوربانیانی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بۆردومانی بەردەوامی سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە، ژمارەی کوژراوان بۆ ٣٤ هەزار و ٦٥٤ کوژراو بەرزبووەتەوە، هەروەها ٧٧ هەزار و ٩٠٨ برینداریش.

 

وەزارەتەکە لە ڕاپۆرتی ئاماری خۆیدا ڕایگەیاندووە، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل ٣ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان لە غەززە ئەنجامداوە و ٢٣ کوژراو و ٤١ برینداریش گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان، هاوکات ژمارەیەک قوربانیش لە ژێر دار و بەردا ماونەتەوە و لەسەر ڕێگاکان و تیمەکانی ئەمبولانس ناتوانن دەستیان پێ بگات.

 

برسێتییەکی گەورە بەرەو باشووری ستریپ دەڕوات

 

سیندی مەککەین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، باکوری کەرتی غەززە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنێت، کە لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکەدا بەرەو باشووری کەرتی غەززە دەڕوات، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتوانی غەززە بەدەست کەمیی خۆراکی توند و نائاسایشی خۆراک دوای حەوت مانگ لە شەڕی غەززە دەناڵێنن لە ئەنجامدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ترسێکی ڕاستەقینە لە برسێتی لە غەززە هەیە، کە بینین یان بیستنی زۆر قورسە وتی: هیوادارین ئاگربەستێک بگات و بە شێوەیەکی زۆر خێراتر دەست بکەین بە خۆراکدان بە دانیشتووان، بەتایبەتی لە باکوور.