دەستگیرکردن، سەرکوتکردن، و ئیدانەکردن؛ مەراسیمی پرسەی ئارمیتا گراوند بەڕێوەچوو

لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی ئارمیتا گراونددا لانیکەم ٨ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران و گواسترانەوە بۆ شوێنی نادیار.

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- لە دۆخێکی ئەمنی چڕدا و لە ژێر گەمارۆی هێزە ئەمنییەکان و ئەفسەران بە جلوبەرگی مەدەنییەوە، دوێنێ، ٢٩ی تەشرینی یەکەم، مەراسیمی بە خاک سپاردنی ئارمیتا گراوندی ١٦ ساڵ لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە شاری تاران، بە بەشداری ژمارەیەک خەڵک بەڕێوەچوو.

 

بەگوێرەی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان وێنە و ڤیدیۆی بەشداربووانی مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەو ژنە گەنجەیان گرتووە، هەروەها فرۆکەی بێ فرۆکەوان دەسوڕایەوە و کامێرای چاودێری کە پێشوەختە دانرابوون، چاودێری خەڵک دەکرا، لە مەراسیمەکەشدا لانیکەم ٨ کەس دەستگیر کران و بۆ شوێنی نادیار گوازرانەوە.

 

هەموو ئەو ڕێگایانەی دەچووە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخران و بە چەکی کارەبایی هێرش کرایە سەر بەشداربووانی مەراسیمەکە و هەڕەشەی دەستگیر کردنیان لێکرا، بە وتەی شایەتحاڵەکانیش، دەستگیرکراوان گواستراونەتەوە بۆ ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە شاری ڕەی.

 

لە کاردانەوەکان دژی کوشتنی ئارمیتا گراوند، چالاکوانی مافی مرۆڤ نەسرین ستودە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، "کوشتنێکی دیکەی حکومەت، ئەمجارەیان کوشتنی ئارمیتا گراوندی گەنج، ئەمە تاوانێکە کە هەموو ئێرانییەک هەستی پێدەکات چەندە لە گوێی نزیکە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوو کچی گەنجمان لەدەستداوە، دەتوانین گەنجەکانمان بپارێزین بە هەبوونی ئامادەیییەکی زۆر لە میترۆدا تا کاتی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بۆ تاوانباران و بکەرانی ئەم کوشتنانەی حکومەت".

 

بەرەبەیانی ١ی تشرینی یەکەم، ئارمیتا گراوند، خوێندکاری پۆلی ١١ی ئامادەیی لە قوتابخانەی هانارستان، لە کاتی چوونی بۆ قوتابخانە، لە میترۆدا لەلایەن ئەفسەرێکی ناسراوەوە، بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب هێرشی کرایەسەر و کەوتە سەر زەوی و هۆشی لەدەستدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پشتڕاستیان کردەوە، بە پشتبەستن بە شایەتحاڵەکان، ئارمیتا گراوند لەکاتی کەوتنە سەر زەوی تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە.

 

کاربەدەستانی ئێران لەوان بەڕێوەبەرانی شارەوانی میترۆ و تاران بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئارمیتای ١٦ ساڵ بەهۆی دابەزینی فشاری خوێنەوە کەوتووەتە سەر زەوی و لە دۆخی کۆمادایە  و بە بیانووی نەبوونی سی سی ڤی تی لە میترۆکەدا هەموو ڤیدیۆی بەڵگەکانی هێرشکردنە سەر ئارمیتایان سڕییەوە.