٢٦ ملیۆن کەس لە تورکیا و سوریا پێویستیان بە هاوکاری هەیە

بە هۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ٢٦ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری هەیە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێت: ئێمە شاهیدی خراپترین کارەساتی سەدە بووین.

ناوەندی هەواڵ

 

هانس کلوگێ، بەڕێوبەڕی ناوچەیی له ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی-WHO، بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە مەڕەش کە شوێنی کارەساتێکی گەورە بوو، بە خراپترین کارەساتی سەدە لە ئەوروپا پێناسە کرد و وتی: "کات و هەوڵی نائاسایی دەوێت بۆ چاکبوونەوە".

 

هانس کلوگێ، هەڵسەنگاندنی بۆ بوومەلەرزەکانی مەڕەش و کاریگەریەکانی کرد و ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٦ ملیۆن کەس لە تورکیا و سوریا پێویستیان بە یارمەتی هەیە و پشتیوانی خۆی بۆ فریاگوزاری هاوبەش و هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن دەربڕی.

 

کلوگێ باسی لەوەشکرد، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بانگەوازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا دەستپێکردووە، بڕی ٤٣ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە، ڕاشیگەیاند، دوای ماوەیەک پێشبینی دەکەن ئەم ژمارەیە دوو هێندە زیادبکات.

 

کلوگێ ئەم بوومەلەرزانەی کە کارەساتێکی گەورەی لە ١٠ شاردا لێکەوتەوە بە خراپترین کارەساتی سەدە لە ئەوروپا پێناسە دەکات و دەڵێت: هێشتا سەرقاڵی زانینی قەبارەی ئەم بوومەلەرزانەن، بەهای ڕاستەقینەی نازانرێت، بۆ چاکبوونەوە کات و هەوڵی نائاسایی دەوێت، بەڵام هەرچەندە کات بخایەنێت، ئێمە لەگەڵ خەڵکی تورکیا و سوریا دەبین.