درێژەی شۆڕشی ژینا: ئازادی مافی ئێمەیە
ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئازادیخوازان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی ڕژێمی ئێران بەردەوامە و تا ئێستاش لافیتەی پڕوپاگەندە لە ئاگری توڕەیی خۆپیشاندەراندا دەسووتێن.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی شۆڕشی ١٩٥٧ و سەپاندنی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێران،دا ئاگری توڕەیی ئازادیخوازان و گەلانی ئێران دژی ڕژێمی ئێران بەردەوامە و شەوی ڕابردوو لە شارەکانی کرماشان، سنە، سەقز، مهاباد، جوانڕۆ، بانە، بۆکان، کامیاران، ئیلام و چەندین ناوچەی دیکە، ئازادیخوازان ئاگریان داگیرساند و دروشمیان نووسی و ئاڵا و لافیتەی ڕژێمیان ئاگر تێبەردا و گۆرانی کوردی و شۆڕشگێڕانەیان لێدا، پەیامی بەردەوامییان لە ڕاپەڕین تا گەیشتنیان بە ئازادی نەتەوەی کورد و گەلانی ستەملێکراوی تر دووپاتکردەوە.
لە تاران، کەرەج، قوم، گەچساران، تەبرێز، ئەردەبیل، مەشهەد، شیراز، ئەسفەهان، ئەهواز، کرمان، ئیزە و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم، کێشانی تابلۆ لەسەر دیوار، خستنەخوارەوەی لافیتەی حکومەت و سوتاندنیان خوازیاری ڕووخاندنی ڕژێم بوون، ئاگر لە ناوەندەکانی بەسیج و سوپاش بەردرا.