حالەتەکانی کۆلێرا لە یەمەن زیادی کردووە

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری حەجا کە لەژێر دەستی حوسییەکاندایە، دەیان حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکراوە، ئەمە جگە لەوەی سێیەم حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆرێک لە شار و ناوچەکانی یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندان، ڕووبەڕووی پەتایەکی توندی کۆلێرا بوونەتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیان گیانیان لەدەستداوە.

 

دوێنێ، سەرچاوە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردەوە  بەهۆی پەتایەکی کۆلێرا و سکچوون سێیەم حاڵەتی مردنیان تۆمارکردووە لە قەزای ئەبس لە شاری حەجا، کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەستیبەسەردا گیراوە.

 

دانیشتوانی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە، کۆلێرا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێو دانیشتوانی قەزای ئەبس و قەزاکانی دەوروبەریدا بڵاوبووتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ناڕەزایەتی دانیشتووانەکەیان پشتگوێ خستووە.

 

دەسەڵاتدارانی یەمەن زیاتر لە ١٤٠ حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرایان لە شارەکانیان تۆمارکردووە، بەمەش کۆی ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوە لە پانزەی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بۆ دوو هەزار و ٩٠٠ حاڵەت بەرزبووەتەوە.