ڕۆژنامەنووسان لە لیبیا کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە

لە لیبیا ژنانی ڕۆژنامەنووس لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیان ڕووبەڕووی فشار و هەڕەشە دەبنەوە، باس لەوەش دەکەن، کە چۆن بە پیشەکەیان کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەبووە و چۆن بە ئیرادە و کۆڵنەدانێکی زۆرەوە بەسەر سەختییەکاندا زاڵ دەبن.

مونا توکا

 

لیبیا- ژنانی ڕۆژنامەنووس لەژێر فشار و هەڕەشە و هەراسانکردن و توندوتیژی کۆمەڵایەتیدا هەوڵدەدەن درێژە بە پیشەکەیان بدەن، لە بواری میدیادا کە عەقڵیەتی پیاوان زاڵە، ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە، هەروەها ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی کە لەلایەن حکومەتەکانەوە دەکرێنە ئامانج، دژی فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەجەنگن. لە وڵاتی لیبیاشدا ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی هەمان فشار دەبنەوە، بەڵام لە بەرامبەر فشارەکاندا توانیویانەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەش بکەن.

 

''ئازادی ڕادەربڕین لەژێر فشاردایە''

مونیە بن ئەحمەد، ڕۆژنامەنووسی لیبیایی ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنووسانی ژن بەهۆی تێڕوانینەکانیان بۆ یەکسانی جێندەری لە دۆخێکی سەختدان. ئەم دیدگایانە ئەوە دەردەخەن کە ژنەکە وەک 'پەراسوویەک لارە' وایە و پێویستە لە ماڵەوە بمێنێتەوە، ئەوان ڕێگە بە ژنان نادەن بڕیار بدەن، ئەم بیرۆکانە هێشتا لە کۆمەڵگەدا بەهێزن و وتیشی: هەندێک ڕۆژنامەنووس بەهۆی فشارەوە ناوی خۆیان ئاشکرا ناکەن، هەندێکیشیان ناچاربوون هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دابخەن.

 

"سەختی بەربەست نییە بۆ بەردەوامبوون لە پیشەکەت"

زەهرا موسا، ڕۆژنامەنووس، باسی لەوەکرد، ساڵی ٢٠١٧ ڕاپۆرتێکی هەواڵییان له بارەی ڕەوشی ئەمنی شارۆچکەی سەبها ئاماده کردبوو و بۆچوونیان له یەکه ئەمنییه ناوخۆییەکان و کەسانی بەشداربوو له ڕووداوەکە، که بە تایبەت سەبارەت به دزی چەکداری بوو، وەرگرت، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، هەم خۆی و هەم هاوکارەکانی ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە، هەروەها سەرنووسەرەکانیشیان هەڕەشەی کوشتنیشیان لێدەکرێت و وتی: ڕۆژنامەنووسانی ژن کاتێک ڕووماڵی بەشێک لە بابەتەکانی سەبها دەکەن، تووشی هەڕەشە و پێشێلکاری دەبنەوە.

 

"یاساکانی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێ ناکرێت"

عەزیزە حسێن، ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، گەورەترین کێشەی ڕۆژنامەنووسانی ژن کۆمەڵایەتییە، کە کۆمەڵگە هێشتا بە چاوی سووک سەیری ڕۆژنامەنووسی ژن دەکات، کاتێکیش ڕۆژنامەنووسانی ژن کاری ڕۆژنامەنووسییان هەڵبژارد، ڕووبەڕووی کاردانەوەی نەرێنی بنەماڵەکانیان بوونەتەوە، دەشڵێت: ئێمە گوێمان لە وشەکانی وەک چۆن دەبێت ڕۆژنامەنووسێک بێت لە ماڵەکەتدا؟" دەبوو، ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە جیابوونەوە لە نۆرم و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان وەک "تاوان" سەیر دەکرێت، یاساکانی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێن و هەر بۆیەش لەکاتی پراکتیزەکردنی پیشەکەیدا لە حاڵەتی دڵەڕاوکێدا دەمێنێتەوە.

 

"لە میدیا و دیجیتاڵ میدیادا هەوڵی بێڕوومەتی ژنان دەدەن"

نەجوا ئەلزەوی، ڕۆژنامەنووسیش ئاماژەی بەوەدا کە لە کارەکانیدا وەک پێشکەشکاری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن دەستی پێکردووە، بەشێک لە ئەندامانی خێزان و کۆمەڵگە دژی دامەزراندنی ژنان بوون لە میدیاکاندا، وتیشی: هەرێمی باشوور هێشتا بەستراوەتەوە بە دابونەریتی کۆن و ئەمەش بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم بەشداریکردنی ژنان لە میدیاکاندا. پێویستە ژنان بە هێز و ئیرادە ڕووبەڕووی کێشە دەروونی و جەستەیی و ڕۆحییەکان ببنەوە.

 

''ژنانی ڕۆژنامەنووس کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکەن"

ڕیماس قاسم، ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، کە لە کاتی دەستپێکردنی کاری ڕاگەیاندنیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی بووەتەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە کۆتایدا وتی: بەشداری ژنان لە کەرتی ڕاگەیاندندا لە باشووری لیبیا سەرەتا بۆچوونێکی نەرێنی لەسەربوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی ژنان بۆ بواری ڕاگەیاندن، ئەم بابەتە زیاتر قبوڵکراو بووە و ئێستا دەتوانین بەسەر سەختییەکان تێپەڕین، ئەو ڕۆژنامەنووسە ژنانەی کە لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکەن، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، چونکە زیاتر گرنگی بە ماف و کێشەکانی ژنان دەدەن.