پیاوێک لە کۆیە هاوژین و دوو کچی خۆی کوشت

لە شارۆچکەی کۆیە، پیاوێک دەستڕێژی گولـلەی لە خێزانەکەی کرد و چوار کەسی کوشت، کە سیانیان هاوژین و دوو کچی خۆی بووە، کوڕەکەشی بریندار کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوان و بە تایبەت پیاوانی ناو خێزانەکانیان لە باشووری کوردستان درێژەی هەیە و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١٧ی ئایار، لە شارۆچکەی کۆیە پیاوێک دەستڕێژی گولـلەی بەناو خێزانەکەی خۆیدا کردووە و لە ئەنجامدا هاوژینەکەی و دوو کچی کوشتووە.

 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بەمشێوەیە باسی ڕووداوەکەی کردووە، "کاتژمێر ١٠:٣٠ لە گەڕەکی ئازادی لە کۆیە تۆمەتبار ( ڕزگار قادر ڕەسوڵ ) کە پیشەی پێشمەرگەی خانەنشینە لە ئەنجامی دروستبونی دەمەقاڵێ هەستاوە بەکوشتنی هەریەک لە هاوسەری و دوو کچی و کوڕێکیشی بریندار دەکات، هەروەها دوکاندارێکی دراوسێی دەکوژێت.

بە فەرمانی بەڕێز دادوەر بە ماددەی ( ٤٠٦ ) لە یاسای سزادانی عێراقی لە کاتی ڕوبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزەکانمان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە."

 

ئەوە لە کاتێکدایە بەهۆی بوونی چەکی بێ مۆڵەتەوە لە زۆرینەی ماڵەکانی باشووری کوردستان چەکی تێدایە و هۆکارێکە بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان و دەرچوون لە یاسا، هەرچەند چەند جارێک حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ڕێگە بە بوونی چەکی بێ مۆڵەت نادەن، بەڵام نەتواندراوە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.