بۆ بەرەنگاربوونەوەی کوشتنی ژنان، ژنانی عەرەب دەبنە یەک دەنگ
حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە وڵاتانی عەرەبی لە زیادبووندایە و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا زیاتر لە ٨ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، ئەمەش ژنانی عەرەب دەخاتە پاڵ یەک و هەڵمەتی بەرەنگاری دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنانیان ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی دژی ژنان سنوورەکانی تێپەڕاندووە، ژنانی عەرەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت بە کردارەکانیان دژی توندوتیژی و کوشتن بووەستنەوە، ئاماژە بەوەش دەکەن، "قوربانییەکان هەرچییەک بن ناگاتە لەدەستدانی ژیانی ژنێک".
دوای ئەوەی لە ماوەی ٢٤-٣٠ی حوزەیران زیاتر لە ٨ ژن لە وڵاتانی عەرەبی وەک میسر، ئەردەن، لوبنان، عێراق و چەندین وڵاتی دیکە لەلایەن هاوژینەکانیان یان پیاوانی دیکەوە کوژراون.
بەشێك لە تاوانەکانی دەرهەق بە ژنان بووە هۆی ناڕەزایەتی زۆری ناوەندە میدیاییەکان، وەک دۆسیەی نیرە ئەشرەف و شەیما جەمال لە میسر، ئیمان ئەرشید لە ئەردەن، كوژرانی دایكێك و سێ كچەكەی لە باشووری لوبنان و چەندین تاوانی دیکە کە بە نادیاری ماونەتەوە.
بەو مەبەستە گروپە فێمینیستەکان و چالاکانی بواری بەرگری لە مافی ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای مانگرتنی ژنانی وڵاتانی عەرەبییان لە زەریاوە تا کەنداو کرد، لەژێر ناونیشانی "هاودەنگی لە سنوورەکان"، ئەمڕۆ، ٦ی تەمموز بە ڕۆژی "مانگرتنی گشتی ژنان" دیاریکرا.
ژنانی بەشداربووی مانگرتنەکە دەتوانن بە چەندین ڕێگە بەشداری مانگرتنەکە بکەن، وەک، نەچوون بۆ سەر کار لە ئەمڕۆدا، نەکردنی کاری ماڵەوە، ڕێکخستنی چالاکی ناڕەزایەتی، هۆشیاریدان بە هاوڵاتیان لەسەر توندوتیژییەکان، دروستکردنی ڤیدیۆیەک یان وێنە و هاوپێچکردنی بۆ هاشتاگی دیاریکردنی هەڵمەتەکە و ئەو پەیجانەی تایبەت بەو مەبەستە دیاریکراون، هونەرمەندان دەتوانن لە ڕێگەی هونەرەوە بەشداری بکەن.
هاشتاگی بەشداربوون:
#إضراب_نسائي_عام
#تضامن_عابر_للحدود
#أنا_مضربة
#أوقفوا_قتل_النساء