چالاکییەکانی ژنان لە قاوەخانەکانی هەرات لەلایەن تاڵیبانەوە ڕاگیرا
بەرپرسانی چەند قاوەخانەیەکی ژنان لە هەرات ڕایانگەیاند، کارمەندانی تاڵیبان پێیان ڕاگەیاندوون کە چالاکییەکانیان ڕابگرن.
ناوەندی هەواڵ
بە وتەی بەرپرسانی قاوەخانە تایبەتەکانی ژنان لە هەرات، کارمەندەکانی تاڵیبان بە شێوەی زارەکی بە کارمەندە پیاوەکانی ناو قاوەخانەکانیان ڕاگەیاندووە کە سەرجەم کارمەندە ژنەکان لە کارەکانیان دەربکەن و بەشی ژنان دابخەن.
قاوەخانەکانی لێتێ، بلاک، تابایەت، نایت و گرام پێنج قاوەخانەی چالاکن لە هەرات کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن و قاوەخانەی نایتیش زیاتر لە چوار ڕۆژە چالاکییەکانی وەستاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنی ڕەخشانە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی ئەمە فەرمانێکی زارەکی بوو، جێبەجێمان نەکرد و بەردەوام بووین لە چالاکییەکانمان، بەڵام قاوەخانەکانی گرام و نایت کارەکانیان وەستاند؛ بەڵام ئەمڕۆ قاوەخانەی گرام دووبارەیە کرایەوە.
تاڵیبان بۆ داخستنی قاوەخانەکان بەکارهێنانی تووتنی لەلایەن ژنان و جلوبەرگی دڵخواز و ژەنینی مۆسیقای بە بیانوو هێناوەتەوە و بەڕێوبەری یەکێک لە قاوەخانەکان بە ڕەخنەگرتن لەم کارەی تاڵیبان، جەختی لەوە کردەوە کە چالاکییەکانی قاوەخانەیەکەی "پێچەوانەی یاسا و داب و نەریتی نییە".
بەڕێوەبەری ئەم قاوەخانەیە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کام لەو بیانووانەی تاڵیبان دەیهێنێتەوە لە قاوەخانەکەیدا ڕووی نەداوە و نیگەرانی خۆی لە داخستنی قاوەخانەکە دەربڕی و وتی: قاوەخانەکە بژێوی ژیانی خێزانەکەمی لەسەرە، ئەگەر ئەم قاوەخانەیە دابخرێت، هیچ هیوایەکم نییە دەست پێبکەمەوە.
ڕۆژانە سنووردارکردنی ژنان لە ئەفغانستان لە زیادبووندایە. تاڵیبان بە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە بووەتە هۆی داخستنی قاوەخانەی پەرتوکی هەرات کە دوا ئومێد بوو بۆ ئەوەی ژنان خۆیانی تیادا پەروەردە بکەن و لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵیان هەبێت، تاڵیبانیش بە سەپاندنی یاسا و فەرمانی نوێ دژی ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیک ژنان لە کۆمەڵگە دووردەخاتەوە.