ژنانی کورد ماوەی ٣٢ ساڵە لەسەر شوێنپێی شەهید بێریتان تێدەکۆشن
بە بۆنەی ٣٢ ساڵەی تێکۆشەر گوڵناز کاراتاش ناسراو بە بێریتان، سەمیرە محەمەد، بەڕێوەبەری ماڵی ژنانی کانتۆنی فورات ڕایگەیاند، بووەتە ئایندەیەکی گەش بۆ ژنان و ستراتیژێکی نوێی بۆ ژیانێکی ئازاد داڕشتووە، ژنانی کورد لە شوێن پێی ئەودا تێدەکۆشن.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- گوڵناز کاراتاش، نازناوی بێریتان هێڤی، بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمی باکووری کوردستانە، بێریتان هێڤی لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ لە هێرشەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا، لە گەمارۆی خیانەتدا گیانی لەدەستدا. پەدەکە لە تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ بە پلانێکی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی تورک و ئەمریکا هێرشی بۆ لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە ناوچەکانی باشووری کوردستان دەستپێکرد، تێکۆشەرانی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە بەرامبەر ئەم هێرشە گەیشتنە لوتکەی بەرخۆدان، شەڕڤان بێریتان هێڤی کە لە هێڵی پێشەوەی خواکورک بوو، لە هاوڕێکانی دابڕاوە و بە تەنیا ماوەتەوە، لە ٢٥ی تشرینی یەکەم پێشمەرگەی پەدەکە ئەو گردەیان گرت کە بێریتان لێی جێگیر بوو و داوایان لێکرد خۆی ڕادەست بکات، تێکۆشەر بێریتان بانگەوازەکەیان قبوڵ ناکات و بەو هەڵوێستەی کە ملکەچبوون خیانەتە، چەکەکەی دەشکێنێت و خۆی لە بەرزایەوە فڕێدەدات.
بەم چالاکییە بێریتان هێڤی بوو بە فەرماندە و پێشەنگ و هێمای ژنانی شۆڕشگێڕ و ڕاپەریو لە دژی خیانەت، میراسەکەی تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
بە بۆنەی ٣٢ ساڵەی شەهیدبوونی گوڵناز کاراتاش، سەمیرە محەمەد، بەڕێوەبەری ماڵی ژنانی کانتۆنی فورات لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێڵی بەرخۆدانی هەڵسەنگاند کە لەگەڵ بێریتان هێڤی گۆڕا بۆ سوپای ژنی کورد.
"بە ژیانی خۆی کۆتایی بە خیانەتێکی گەورەی هێنا"
سەمیرە محەمەد وتی: شەهید بێریتان فەلسەفە و داستانێکە بۆ ئێمە کە بە کەرامەت و سۆز و هێزەوە بوونی حەقیقەتی ئازادی کوردستان و بەتایبەتی مافی ژنانی پاراست، مرۆڤەکان دەتوانن ئەم وشانە بەکاربهێنن بۆ پێناسەکردنی کەسایەتی و هەڵوێستی خۆیان، لەو پڕۆسەیەدا تەڤگەری ئازادی کوردستان بە شەڕێکی جددیدا تێدەپەڕی، هەروەها شەهید بێریتان بە پەرەپێدانی میتۆدێکی نوێ لە دژی خیانەت وەڵامی ئەو پرۆسەیەی دایەوە، چونکە ئەو کارەی شەهید بێریتان لە مێژووی کوردستاندا مانای جیاوازی هەیە، چارەنووسی شەڕێکی دیاری کرد، وەک ژنێکی شەڕڤان، بەڕێوەبەر و فەرماندەیەک لە بانگەوازەکانی پەدەکە بۆ ڕادەستبوون بە فیداکردنی گیانی خۆی کۆتایی بە خیانەتێکی گەورە هێنا و توانی ڕێگای ڕاست بۆ هەزاران کەس دیاری بکات.
"بۆ هاوڕێکانی بوو بە ڕووناکی"
سەمیرە محەمەد کاریگەرییەکانی بێریتان هێڤی لەسەر خەباتی ژنان بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: هەروەک چۆن چالاکی شەهید بێریتان خاڵی دەستپێک بوو بۆ قۆناغێکی نوێ لەناو تەڤگەری ئازادیدا، ئەم بابەتە بۆ ژنانیش ڕەوایە، تێکۆشەر بێریتان بە هەڵوێست و چالاکییەکەی بوو بە چرایەک بۆ ژنانی ناو تەڤگەرەکە، ئەو پریشکە بوو کە لە ڕێگەیەوە ژنان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ خۆیان و لە نزیکەوە زانیاری و خولیای خۆیان و ئاستی کاریگەریی پێگەی خۆیان بناسن، ئەمەش پەیوەندی بە بیردۆزی ڕێبەر ئاپۆشەوە هەیە کە ساڵانێک بۆ گەیاندنی ژنان بۆ ئەو ئاستە خەباتی بۆ کردووە، پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ژنان تاجی شەهید بێریتانی لەسەر داندرا، تێڕوانین و شیکارییەکانی لەسەر واقیعی ژنیش بەو کارە سەلمێندرا، دانپێدانان بە ژنان لە ڕووی ڕێکخراوەیی و مرۆیی و کەسییەوە باشتر بووە، لە لایەکی دیکەوە ڕاگەیەندرا کە ئەگەر ژنان لە ڕووی سیاسی و ڕێکخراوەییەوە خۆیان بەهێز نەکەن لە ڕووی خۆپاراسن ئەوا نابن بە هێزێکی کاریگەر لە کوردستاندا.
"پڕۆسەکە گۆڕاوە و ستراتیژەکەش ڕوونە"
سەمیرە محەمەد وتیشی: تەنانەت دوژمنیش بینی کە بازنەی خۆپاراستنی ژنان لەگەڵ شەهید بێریتان دەستی بە فراوانبوون کرد و بووە زەمینە بۆ ئەوەی ژنان هەنگاو بنێن بەرەو سوپا بوون، لەگەڵ شەهید بێریتان، ستراتیجی ژنان لە خۆپاراستن، ڕێکخستن، پەروەردەو بەڕێوەبردن هاتە ناو پڕۆسەیەکی نوێ، هەروەها ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری ئەرێنی گەورەی لەسەر تەڤگەری ئازادیی کوردستان و پڕۆژەکانی هەبوو، کە لە هەموو شوێنێک کە کار دەکات، ڕۆشنایی خۆی بڵاودەکاتەوە، چونکە زۆر شت لە کەسایەتی شەهید بێریتاندا ڕوون بووەوە، کە لەسەرەتاوە ڕاست و هەڵەی تەڤگەری ئازادی لەیەکتر جیا دەکردەوە، دواتر وەک فەلسەفەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئایینی زەردەشتیدا هەیە، ڕەش و سپی جیاکردەوە و ئەمەش گۆڕا بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی ژن و تەڤگەری ڕەها، ئەو پێشهاتانە لە سایەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ هاتەدی کە لە ئەنجامدا سوپای ژنانی کورد دامەزرا.
"خەباتی خۆمان لەسەر شوێنپێی شەهید بێریتان بەرەو پێش دەبەین"
سەمیرە محەمەد لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا وتی: شەڕی ساڵی ١٩٩٢و چالاکی شەهید بێریتان بوو بە بنەما و هێڵێکی ستراتیژی بۆ هەموو ئێمەی ژنان بۆ ئەوەی پێناسەی ئەوە بکەین کە چ جۆرە ئایندەیەکمان دەوێت، ژنان پێشەنگی هەموو سەرکەوتن و دەستکەوتەکان بوون، ئەو ژنانەی توانیان ڕوانگە و سەرنجەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە کەسایەتی خۆیاندا بەدیبهێنن، بوونە هۆی ئەوەی کە ژنانی ناو تەڤگەری ئازادی جیاواز بن لە ژنانی ناو تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی دیکە کە تەنیا لە ناو و شێوەدا بوونیان هەیە، ئەم دەستکەوتانەی ئێمە وەک میراسێک باسی دەکەین دەگەنە سەردەمی ئێمە، ئێمە لە خەباتی بەردەوامدا پشت بەم شتە دەبەستین، چالاکییەکەی شەهید بێریتان بوو بە ماڵێک بۆ هەموو ژنان، کە کاریگەرییەکانی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو بوارە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" کە یەکێکە لە سوپا کاریگەرەکانی ئەمڕۆی ژنان، لەسەر هەمان هێڵ و ستراتیژی بونیاد نرا، تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێمە کە چالاکانە ڕۆڵیان لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی ژناندا هەبووە، لەسەر هەمان میراس دامەزراون، بۆیە ئەرکی ئێمەیە هەمیشە کەسایەتی و پێشەنگەکانمان لەم ئاستەدا بە زیندووی بهێڵینەوە و میراسەکەیان گەورەتر بکەین.