١٠٠ ڕۆژ بەسەر چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی و بنەماڵەکەی تێدەپەڕێت

کەمپەینی ئازادیی پەخشان عەزیزی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی دەکەن و ڕایانگەیاند، ١٠٠ ڕۆژە پەخشان عەزیزی لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی نەکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەمپەینی ئازادیی پەخشان عەزیزی لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، ١٠٠ ڕۆژ بەسەر قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی لەگەڵ بنەماڵەکەی تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ چاوپێکەوتنێک ئەنجام نەدراوە.

 

کەمپەینی ئازادیی پەخشان عەزیزی، سەرەڕای داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، داوا دەکات پەخشان عەزیزی ئازاد بکرێت، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "١٠٠ ڕۆژ بەسەر قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی تێپەڕیوە، لە کاتی خۆشیدا، مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی نەبووە".

 

کەمپەینەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، بێبەشبوونی پەخشان عەزیزی لە مافە سەرەتاییەکانی، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە پێناسە کرد.